دوو بەرپرسی ئەمەریکایی دەڵێن مانگی ڕابردوو ویلیام بێرنس بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (CIA) سەردانی چینی کردووە و لەگەڵ هاوتا چینییەکەیدا کۆبۆتەوە.
بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت "مانگی ڕابردوو بەڕێوبەر بێرنس گەشتی کردووە بۆ پەکین و لەوێ لەگەڵ هاوتا چینییەکانیدا کۆبۆتەوە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی کراوەیی هێڵەکانی پەیوەندییەکانی کردۆتەوە لە کەناڵە هەواڵگرییەکاندا."
بڵاوبوونەوە هەواڵی سەردانەکەی بەڕێوبەری دەزگا هەواڵگرییەکەی ئەمەریکا کە سەرەتا لەلایەن فاینانشیاڵ تایمزەوە بڵاوکرایەوە لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵیداوە هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ چیندا بە کراوەیی بهێڵێتەوە و کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی جۆراوجۆری واشنتن و پەکیندا ڕێکبخات، ئەمەش لە نێوەندی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.
بێرنس چەندین گەشتی هەستیاری وەکو بەڕێوبەری دەزگاکە بۆ دەرەوەی ئەمەریکا کردووە، لەوانەش گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی و گفتوگۆکانی لەگەڵ تاڵیباندا لە ئەفغانستان. بەرپرسانی ئەمەریکا وریا بوون لە جەختکردنەوە لەوەی کە ئەرکە هەواڵگرییەکانی بێرنس ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سیاسەتی ئەمەریکاوە نیە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی کۆمەڵێک پرسەوە گرژییان تێکەوتووە، لە پرسی تایوانەوە بۆ تۆماری مافەکانی مرۆڤی چین و چالاکییە سەربازییەکانی چین لە دەریای باشووری چیندا.
لە مانگی دوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەشتەکەی بۆ چین هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی باڵۆنێکی 'هەواڵگری' چینی بە ئاسمانی ئەمەریکا و شوێنە سەربازییە هەستیارەکانی ئەو وڵاتەدا فڕی.
بەڵام کۆشکی سپی وتی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کارئاسانیکردن بۆ سەردانەکەی بلینکن، هەروەها سەردانی جانێت یەڵین وەزیری خەزێنە و وەزیری بازرگانی ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆ بۆ چین.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ئاسایشدا لە سینگاپوور تەوقەی لەگەڵ وەزیری بەرگری نیشتیمانی چین لی شانگفودا کردووە، بەڵام 'گفتوگۆیەکی ناوەڕۆکی' لە نێوان دوو وەزیرەکەدا نەبووە.
لە ماوەی ڕابردوودا چین کۆبوونەوەیەکی فەڕمی نێوان ئۆستن و لی لە ماوەی کۆبوونەوەی ئاسایشی شانگری – لا لە سینگاپوور ڕەت کردەوە، لی لەلایەن ئەمەریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.
هاوکات ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا دەیەوێت "بەبێ مەرجی پێشوەخت " سەبارەت بە پرسەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی گفتوگۆ لەگەڵ چیندا بکات، بەڵام چین هێشتا ئەوەی ناوێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەڕێوبەری سی ئای ئەی ئەمەریکا لە مانگی پێنجدا سەردانی چینی کردووە