وەزارەتی بازرگانی چین ڕایگەیاند دوو بەرپرسی باڵای ئەمەریکا و چین کە ڕاسپێردراون بۆ بابەتی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفونی نێوانیان ئەنجامداوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەتی چین لیۆ هی پەیوەندییەکی تەلەفونی " ڕاشکاو و پراگماتیکی " لەگەڵ نوێنەری بازرگانی ئەمەریکا کاثرین تایدا ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشدا دانوستانەکانی نێوانیان " بونیادنەرانە " بوون و لە کەشێکی " یەکسان و ڕێزگرتنێکی هاوبەشدا " بووە.
لە ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا تێکچوون، هەروەها بە هەمان شێوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان گرژیی تێکەوت.
لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا دوو وڵاتەکە ڕێکەوتنێکی بازرگانییان واژۆ کرد بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە بازرگانییەی کە ماوەی دوو ساڵی خایاند. بەڵام لە مانگی چواردا بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن ڕایگەیاند بەنیازە هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنەکانی چین بکات لە ڕێکەوتنەکەدا تاوەکو بزانێت تا چەند چین پابەند دەبێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس