Accessibility links

بەرپرسانی چین و ئەمەریکا کۆدەبنەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان ڕەوانەی ڕۆما دەکات، ئەوەش بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای چیندا. ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدا دێت نیگەرانی هەن سەبارەت بەوەی چین یارمەتی ڕووسیا بدات لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە ناڕاستەکانیدا سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و هەروەها یارمەتیدانی مۆسکۆ لە خۆدزینەوەی لە سزا ئابوورییەکاندا.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن وتی گفتوگۆکانی نێوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی چین یانگ جێچی سەنگ دەخەنە سەر " هەوڵەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێبڕکێکانی نێوان دوو وڵاتەکەمان و تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش."

کۆشکی سپی چینی تۆمەتبار کردووە بەوەی بانگەشە ناڕاستەکانی ڕووسیا بڵاودەکاتەوە سەبارەت بەوەی گوایە ئۆکرانیا بە یارمەتی ئەمەریکا سەرپەرشتی تاقیگەیەکی دروستکردنی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی دەکات. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن چین هەوڵیداوە ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە ڕووسیا لەوانەیە چەکی بایەلۆجی یاخود کیمیایی دژی ئۆکرانییەکان بەکاربهێنێت.

ڕۆژی یەکشەممە جەیک سۆلیڤان لە پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی کاتێک ڕووسیا وڵاتێکی دیکە تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، " ئەمە ئاماژەیەکی دیارە لەسەر ئەوەی ڕووسیا لەوانەیە خۆی لەسەر لێواری ئەنجامدانی ئەو کارە بێت."

وتیشی چین و وڵاتانی دیکە نابێت یارمەتی ڕووسیا بدەن خۆی لە سزاکان بدزێتەوە، وتیشی ئەمەریکا بە ڕوونی ئاماژەی بەوەداوە وڵاتانی دیکە نابێت ئابووری ڕووسیا ڕزگار بکەن. وتی " دڵنیا دەبینەوە لەوەی نە چین و نە هیچ وڵاتێکی دیکە قەرەبوونی ڕووسیا نەکەنەوە لەو زیانانەی بەر ئابوورییەکەی کەوتووە."

ئەم تۆمەتانەی ڕووسیا کە گوایە ئۆکرانیا بە یارمەتی ئەمەریکا کار لەسەر تاقیگەیەکی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی دەکەن لەکاتێکدایە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی بە هیچ بەڵگەیەک نەدا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانی دارایی لە تاقیگەی چەکە کیمیایی و بایەلۆجییەکانی ئۆکرانیا بکات.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی جین ژاو لیژیان بانگەشەی ئەوەیکرد گوایە 26 تاقیگەی چەکی بایەلۆجی هەن لە ئۆکرانیا و " لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادان ". نەتەوە یەکگرتووەکان وتی هیچ زانیارییەکی بەدەست نەگەیشتووە کە بەڵگە بن لەسەر ئەو جۆرە تۆمەتانە.

سۆلیڤان لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لە پڕۆگرامێکی کەناڵی سی بی ئێس وتی ئەم لێدوانەی ڕووسیا لەسەر جەنگی کیمایی و بایەلۆجی ئاماژەیەکن لەسەر ئەو ڕاستیەی کە ڕووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و دواتر هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتیەکەی بخاتە سەر شانی کەسێکی دیکە، لەبەر ئەوە نابێت هیچ کەس باوەڕ بەوە بکات."

چەند ساڵێکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە ڕووسیا چەکی لە هەوڵەکانیدا بۆ کوشتنی ڕەخنەگرانی پوتن چەکی کیمایی بەکارهێناوە ، لەوانەش ئالێکسی ناڤاڵنی و سیخوڕی پێشووی ڕووسیا سێرگێی سکریپاڵ. ڕووسیا لە هەمان کاتیشدا پشتیوانی لە ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کردووە کە چەکی کیمیایی دژی خەڵکەکەی خۆی لە سوریا بەکارهێناوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG