Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت هەر یارمەتییەکی کوشندەی چین بۆ ڕووسیا باجێکی ڕاستەقینەی دەبێت


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان دەڵێت چین تاوەکو ئێستا یارمەتی کوشندەی بۆ ڕووسیا دابین نەکردووە کە یارمەتی مۆسکۆ بدات لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ڕوونی کردۆتەوە ئەگەر چین بەو ئاڕاستەیە بجوڵێت ئەوا دەرەنجامی جددی دەبێت.

سۆلیڤان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی ' State of the Union ' ی کەناڵی سی ئێن ئێندا وتی " پەکین دەبێت خۆی بڕیار بدات لەسەر ئەوەی چۆن بەردەوام دەبێت، پشتیوانی سەربازیی دابین دەکات یاخود نا، بەڵام ئەگەر پشتیوانی سەربازیی ' بۆ ڕووسیا ' دابین کرد، ئەوا باجێکی ڕاستەقینە لەسەر چین دەبێت."

سۆلیڤان لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا لەگەڵ پڕۆگرامی " This Week " ی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی چین تاوەکو ئێستا ئەو پشتیوانییەی دابین نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو بژاردەیەی بە دوور نەزانیوە.

سۆلیڤان وتی بەرپرسانی ئەمەریکا لە پشت دەرگا داخراوەکاندا هۆشدارییان داوەتە هاوتا چینییەکانیان سەبارەت بە باجی ئەو کارە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەو گفتوگۆیانە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ناتۆ هۆشدارییان داوەتە چین دژی ئەو جۆرە جوڵەیە، بە ئاشکرا لێدوان دەدەن لەسەر ئەوەی کە چین بیر لەوە دەکاتەوە کەلوپەلی سەربازی کوشندە بۆ ڕووسیا دابین بکات.

ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمەریکا ویلیام بێرنسیش باسی لەو بابەتە کرد.

بێرنس بە پڕۆگرامی " Face the Nation " ی کەناڵی سی بی ئێسی وت " ئێمە دڵنیاین لەوەی سەرکردایەتی چین بیر لە دابینکردنی کەلوپەلی کوشندە دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا پێمان وانیە بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە درابێت، هەروەها بەڵگەشمان نەبینیوە لەسەر ئەوەی کەلوپەلی کوشندە ڕەوانە کرابێت."

سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، مایکڵ مککۆڵی کۆمارییەکان بە پڕۆگرامی " This Week " ی وت هەواڵگری ئەمەریکا دەریدەخات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە نێو ئەو چەکە کوشندانەدان کە چین بیر دەکاتەوە ڕەوانەی ڕووسیایان بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG