Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت چین ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە ئەگەر پشتیوانی ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیا


وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی

کۆشکی سپی وتی ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریدایە سەرۆکی چین شی جین پینگ لەسەر ئەوەی ئەگەر لەڕووی ماددییەوە پشتیوانی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکات ئەوا ڕووبەڕووی " سزا " دەبێتەوە. هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرێکی دیبلۆماتی کردەوە بۆ قەیرانەکان.

کۆشکی سپی هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئەو دەرەنجامانە چی دەبن ئەگەر چین پشتیوانی لە ڕووسیا بکات، یاخود ئەمەریکا مەبەستی لە " پشتیوانی ماددی " چی بووە. وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی دەرەنجامەکان لەوانەیە کاربکەنە سەر بازرگانی چین.

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا چین ڕووبەرووی سزا یاخود کۆتوبەندی بازرگانی دەبێتەوە یاخود نا، ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سزاکان بێگومان ئامڕازێکن لەبەردەستماندا."

دوابەدوای کۆبوونەوە دوو کاتژمێرییەکەی بایدن و شی، ساکی وتی ئەمەریکا لەگەڵ " هاوبەش و هاوتا ئەوروپییەکانماندا " پەیوەندی دەکات لەسەر هەر دەرەنجامێک کە ڕاستەوخۆ بەسەر پەکیندا بسەپێندرێت.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا لەسەر پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەی بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی وت بایدن ئاماژەی بەوەدا ئەگەر چین پشتیوانی لە ڕووسیا بکات لە ئۆکرانیادا ئەوا ڕووبەڕووی دەرەنجام دەبێتەوە نەک تەنها لە ئەمەریکاوە بەڵکو لە سەرانسەری جیهانیشەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین وتی شی بە بایدنی وتووە جەنگەکەی ئۆکرانیا دەبێت بەزووترین کات بوەستێت و داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیادا بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG