Accessibility links

چین و ئەمەریکا ڕێکدەکەون لەسەر کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان


دەزگای ڕاگەیاندنی چین و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیان چین و ئەمەریکا کۆتوبەندەکانی سەر ڕۆژنامەنووسانی هەردوو وڵات لە وڵاتەکانیان کەمدەکەنەوە.

ڕۆژنامەی فەڕمی چاینا دەیلی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی چینەوە بڵاویکردەوە بەر لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، ڕێکەوتنێک لەسەر ڤیزای ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە واژۆ کراوە.

ساڵی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە تەکنەلۆجیا و بازرگانی و مافەکانی مرۆڤ و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە پەرەی سەند بۆ کەرتی ڕاگەیاندنیش.

چین ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " هەڵمەتی سەرکوتکردنی " ڕۆژنامەنووسانی چینی، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە چینیانەی کەمکردەوە کە مۆڵەتی کارکردنیان لە ئەمەریکا هەیە، هەروەها مانەوەشیانی سنووردارکرد بۆ 90 ڕۆژ، بەڵام ئەو بژاردەیەیان هەبوو کە ماوەکەیان درێژبکەنەوە.

لەبەرامبەریشدا چین ڕۆژنامەنووسانی کۆمەڵێک ڕۆژنامەی ئەمەریکای لە وڵاتەکە دەرکرد و کۆتوبەندی نوێی خستەسەر ڤیزای هەندێک لە کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا.

چاینا دەیلی وتی بەپێی ئەم ڕێکەوتنەی ئێستا واژۆ کراوە، ئەمەریکا ڤیزای یەک ساڵیی دەدات بە ڕۆژنامەنووسانی چینی، لەلای خۆشیەوە چین بەڵێنیداوە هەرکاتێکی سیاسەتە نوێیەکەی ئەمەریکا جێبەجێکرا ئەوا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکیەکاندا بکات.

وتیشی هەردوو وڵات بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڤیزا دەدەن بە ڕۆژنامەنووسان، ئاماژەشی بەوەدا ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ئازادانە بڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و دواتر بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەش بەپێی ڕێکارەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وردەکارییەکی هاوشێوەیدا و وتی چین ڕێگە بەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکیانە دەدات کە ئێستا لە چینن ئازادانە بگەڕێنەوە ئەمەریکا و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتە، پێشتر نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن. وتیشی ئەمەریکا بەنیازە هەمان مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە چینیەکاندا بکات.

وتەبێژەکە وتی " پێشوازی لەم پێشکەوتنە دەکەین بەڵام وەکو هەنگاوی سەرەتایی سەیری دەکەین، بارودۆخی ڕاگەیاندنەکان لە چین لەم ساڵانەی دواییدا زۆر خراپ بووە."

وتیشی " بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ باشکردنی بارودۆخی ڕاگەیاندنە ئەمەریکی و بیانیەکانیش، هەروەها بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG