Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر 4 بەرپرسی چینی دەسەپێنێت بەهۆی بەشداریکردنیان لە سەرکوتکردنەکانی هۆنگ کۆنگدا


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر 4 بەرپرسی چینی سەپاند کە لە دەزگای ئاسایشی هۆنگ کۆنگ کاردەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیـیەکان.

لە بەیاننامەیەکدا کە مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەو چوارە دەستیان هەیە لە جێبەجێکردنی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوەی چین بەپـێی بڕیاری ژمارە 13939 دەیسەپـێنێت و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و خۆسەری هۆنگ کۆنگ.

ئەوانەی کە سزا دراون بریتین لە لی جیانگژۆ، ئێدوینا لاو، ستیڤ لی کوای‌وە و دێنگ ژانگهوا.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوە، لی جیانگژۆ جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە کە بەپێی یاسای ئاسایشی نەتەوەیی چین دامەزراوە . لاو سەرۆکی بەشی ئاسایشی نیشتمانی هێزی پۆلیسی هۆنگ کۆنگە، لی کوای سەرپەرشتیاری سەرەکیە، دێنگ جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی هۆنگ کۆنگ و ماکاوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، "ئەو کەسانە لە گەشتکردن بۆ ئەمەریکا رێیان لێدەگرێت و سەرمایەکانیان لە ڕێگای دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا یان دامەزراوەکانی دیکەی ئەمەریکاوە بلۆک دەکرێن و دەستی بەسەریاندا دەگیرێت." هەروەها بە بەپێی لێدوانی وەزارەتی دەرەوە "ئەم کارانە جەخت لە سەر بڕیاری ئەمەریکا دەکەنەوە لە بارەی لێپرسینەوە لە کەسایەتی سەرەکییەکان کە بەشداربوون لە سەرکووت و ژێرپێ خستنی ئازادیـیەکانی خەڵک و خۆسەری هۆنگ کۆنگدا."

مەتیۆ چیونگ، سکرتێری باڵای هۆنگ کۆنگ، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەرەبەیانی سێشەممەدا، سزاکانی بە "بە تەواوی قبوڵ نەکراو" وەسف کرد. چیونگ هەروەها کردەوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاشی بە "دەستتێوەردانێکی ئاشکرا " و "بەربەری" لە کاروباری ناوخۆی شارەکەدا وەسف کرد. چیونگ وەک سەرۆکی جێبەجێکار لەبری کاری لام قسەی دەکرد کە لە گەشتدا بوو.

چین لە مانگی حەوتدا یاسای ئاسایشی نەتەوەیی بەسەر هۆنگ کۆنگ سەپاند بۆ ئەوەی بە توندی دژی ئەو کەسانە بووەستێتەوە کە وەک دەڵێن سووکایەتی بە چین دەکەن.

واشنتن لە مانگی دە هۆشداری دا سزا بەسەر ئەو بەرپرسانەدا دەسەپێنێت کە دەستیان لە سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە هۆنگ کۆنگدا هەیە. لە مانگی هەشتدا ئەمەریکا سزای بە سەر کاری لام سەرۆکی جێبەجێکاری هۆنگ کۆنگ و ژمارەیەک کاربەدەستی دیکەدا سەپاند، گوتی ئەوانە دەستیان هەبوو لە سەرکوتکردنەکانی خەڵکی هۆنگ کۆنگدا.

پەمپـێیۆ داوای لە بەیژین (پەکین) کرد پابەندی وابەستەیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی بێت، ئەوانەی لە پەیماننامەی هاوبەشی چین و بەریتانا ئاماژەیان پـێکراوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون.

XS
SM
MD
LG