Accessibility links

چین دوای گرێبەستێک لەگەڵ ئەمەریکا، هۆشداری دەدات لەسەر فرۆشتنی ئەو ماددە کیمیاییانەی لە ماددە هۆشبەرەکاندا بەکاردەهێندرێن


دەزگای کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی چین هۆشداری دەدات لە دژی دروستکردن و فرۆشتنی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە دەکرێت لە دروستکردنی ماددە نایاساییەکاندا بەکاربهێندرێن، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی چین شی جین پینگ وتی چین ڕێگری لە هەناردەکردنی ئەو ماددانە دەکات کە لە دروستکردنی دەرمانی ئۆپیۆیدی فینتانیڵدا بەکاردەهێندرێن.

ئەمەریکا لە مێژە داوای هاوکاری چین دەکات بۆ ڕاگرتنی هاتنی بە لێشاوی نایاسایی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی فینتانیڵ بەکاردەهێنرێن. فینتانیڵ 50 هێندەی هێرۆین بەهێزترە و لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی دیکەدا تێکەڵ دەکرێت، زۆرجار ئەنجامی کوشندەی لێدەکەوێتەوە.

دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە سان فرانسیسکۆ، سەرۆک بایدن و شی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چین هەناردەکردنی ئەو ماددانە ڕابگرێت کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی فینتانیڵەوە هەیە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی بەپێی ڕێککەوتنەکە، چین ڕاستەوخۆ لێپێچینەوە لەو کۆمپانیایانە دەکات کە ئەو ماددانە دروست دەکەن کە بۆ بەرهەمهێنانی فینتانیڵ بەکاردەهێندرێن.

دەزگای کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی چین هۆشداریدا دژی هەر کەس و کۆمپانیایەکی گواستنەوە، کە ئاگاداری فرۆشتنی ئەو ماددانە بێت، ماددەی نایاسایی و کیمیایی فینتانیڵ بگوازێتەوە یاخود هەناردەیان بکات، دەڵێت ڕووبەڕووی غەرامە یاخود تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دەبنەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن چەند کۆمپانیایەکی بچووک لە چین ئەو ماددانە دروست دەکەن کە بۆ دروستکردنی فینتانیڵ بەکاردەهێندرێن و دەگوازرێنەوە بۆ مەکسیک تاوەکو فینتانیڵییان لێدروست بکەن. چین دەڵێت ئاڵوودەبوون و خواست لەسەر فینتانیڵ ئەمەریکا کێشەی ناوخۆی ئەو وڵاتەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG