Accessibility links

ئەمەریکا و چین لەسەر دانوستانی چڕ بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە گەشەی بازرگانیدا ڕێکدەکەون


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین ڕۆژی شەممە رایگەیاند لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی چین هی لایفینگدا ڕێککەوتوون لەسەر گفتوگۆکردن لەسەر گەشەی هاوسەنگی ئابووریی، ئەمەش لە هەوڵێکدا کە ئامانج لێی مامەڵەکردنە لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئەمەریکادا سەبارەت بە زیادەڕۆیی چین لە توانای بەرهەمهێناندا.

دوو ڕۆژ دوای گفتوگۆ ئابوورییەکان لە ناوەندی هەناردەکردن لە گوانگژوی چین، یەڵین وتی لەگەڵ هیدا ڕێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنی کۆڕبەندێک بۆ هاریکارییکردن لەسەر هەوڵەکانی دژ بە پارە سپیکردنەوە لە سیستمە داراییەکانی خۆیاندا.

دوای گفتوگۆکان یەڵین لە بەیاننامەیەکدا وتی گفتوگۆکان " ئاسانکاری دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ناهاوسەنگییە ئابوورییە گەورەکان، لەوانەش بابەتەکانی پەیوەست بە زیادەڕۆییکردن لە تواناکاندا، منیش بەنیازم ئەو دەرفەتە بەکاربهێنم بۆ داکۆکیکردن لە گۆڕەپانێکی یەکسان بۆ کرێکاران و کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان."

وتیشی گفتوگۆکان ڕاشکاو و بەرهەمدار بوون. یەڵین لە سەردانە چوار ڕۆژەییەکەیدا بۆ چین کاری پێشینەی ئەوەیە کە بەرپرسانی چینی ڕازی بکات زیادەڕۆییکردن لە توانای بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایی و پانێڵەکانی سیستمی سۆلار و تەکنەلۆجیاکانی دیکەی وزەی پاک کەم بکاتەوە کە مەترسییان لەسەر کۆمپانیا ڕکابەرەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دروست کردووە.

دەزگای هەواڵی شینخوای چینی زیادەڕۆییکردنی لە تواناکانی بەرهەمهێناندا ڕەت کردەوە و وتی تەنها " پاساوێکن " بۆ سیاسەتە پارێزەرەکانی ئەمەریکا.

دەزگای هەواڵی شینخوای چین وتی ئەو جۆرە لێدوانانە مەبەست لێیان ئەوەیە گەشەی ئابووری ناوخۆی چین و هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان بخەنە مەترسییەوە، واشنتن دەبێت لە بری ئەوەی پەنا بۆ " هاندان بۆ ترس " ببات سەنگ بخاتە سەر پەرەپێدان بە داهێنان و تواناکانی کێبڕکێ لە نێو سنوورەکانی خۆیدا.

یەڵین و هی ڕۆژی شەممە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر و نیو کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەندین بابەت کردووە، نیگەرانی ئەمەریکاش سەبارەت بە زیادبوونی هەناردەکردنی ئوتومبێلی کارەبایی و پانێڵی سیستمی سۆلار و کەلوپەلەکانی دیکە لەلایەن چینەوە گەورەترین کاری پێشینەی یەڵین بووە.

یەڵین بە ڕۆژنامەنووسانی وت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر گفتوگۆیان لەسەر پرسی زیادەڕۆیی لە تواناکاندا کردووە.

وتی " پێم وایە چینییەکان ئەوە دەزانن کە ئێمە چەند نیگەرانین سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی پیشەسازی خۆیان، بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش زۆربوونی هەناردەکردنی کەلوپەلی چینی وادەکات کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان زۆر قورس بێت لەسەرییان کێبڕکێ بکەن."

وتی " پێم وایە زانییان کە ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ ئێمە. زۆر گرنگ دەبێت لە پەیوەندییە دوو لایەنەکەی نێوانماندا و گرنگیش دەبێت بۆ پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دیکەشدا کە گرنگن."

شین هوا وتی گفتوگۆکانی نێوان یەڵین و هی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە " بەربژێر و بونیادنەر و کرداریی بوون." ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر سەبارەت بە گەشەی هاوسەنگی ئابووریی و سەقامگیریی دارایی.

هەروەها وتیشی چین نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە کۆتوبەندە ئابووریی و بازرگانییەکانی ئەمەریکا لەسەر چین.

یەڵین وتیشی هۆشداری داوەتە کۆمپانیا چینییەکان و پێی وتوون " ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی گەورە " دەبنەوە ئەگەر لە ڕووی ماددییەوە پشتیوانی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا. چینییەکان جەختییان لە سیاسەتەکەیان کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە ئەو جۆرە پشتیوانییە دابین ناکەن و نایانەوێت ئەمە ببێتە کێشەیەک لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG