Accessibility links

وەزیری بەرگری چین: تایوان لە ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چیندایە


وەزیری بەرگری چین وێی فینگی بە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستنی وت تایوان لە ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چیندایە و " هێڵێکی سوورە " کە نابێت ببەزێندرێت.
وێی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا لە کەمبۆدیا وتی " پرسی تایوان بابەتی گەلی چینە، هیچ هێزێکی بیانی مافی ئەوەی نیە دەستی تیادا وەربدات."

وتیشی ئەمەریکا دەبێت ڕێز لە ناوەڕۆکی بەرژەوەندییەکانی چین بگرێت و هیوای خواست سیاسەتێکی کرداری و بیرمەندانە بەرامبەر چین پەیڕەو بکات، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا بخاتەوە سەر ئاڕاستەکەی خۆی.

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن جەختی لە پێویستی باشکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە " ڕەفتارە مەترسیدارەکانی " فڕۆکە سەربازییەکانی چین.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی کۆبوونەوە 90 خولەکییەکەی نێوان وەزیرەکان " بەرهەمدار و پیشەیی " بووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆستن " باسی لە گرنگی گفتوگۆیەکی سەرەکی کردووە لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان و پەرەدان بە کارکردن بە شێوەیەکی پارێزراو."

ڕایدەر وتی " ئۆستن نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەفتارە مەترسیدارەکانی فڕۆکەکانی سوپای چین لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا کە مەترسی کەوتنەوەی ڕووداو زیاتر دەکەن."

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئۆستن و وێی بە " درێژیی " باسیان لە تایوان کردووە و هەروەها باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەندێک لەو میکانیزمانە کردووە کە دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان ڕاگیراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG