Accessibility links

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و چین لە ئەنکۆریچ کۆدەبنەوە


هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی چین لە ئالاسکای ئەمەریکا کۆدەبنەوە، ئەمەش لە یەکەمین کۆبوونەوەدا دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک جۆو بایدن، لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا دوو وەزیرەکە تاوتوێی ناکۆکیەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەکەن.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لەگەڵ باڵاترین بەرپرسی حیزبی شیوعی چین یانگ جیشی و وەزیری دەرەوەی چین وانگ ییدا کۆدەبنەوە.

شاری ئەنکۆریچ وەکو شارێکی بێلایەن سەیر دەکرێت و باشترین شوێنە بۆ کۆبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و چین، کۆبوونەوەکان تاوەکو ڕۆژی هەینی دەخایەنێت.

بلینکن وتی " زۆر گرنگە هەلێک بڕەخسێت بۆ گفتوگۆکردن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕوون و ڕاشکاوانە تاوەکو بۆچوونەکانمان بۆ هاوتاکانمان بسەلمێنین، ئەو ترسانەی پێشووتر باسمان لێوە کردوون هەمان شت دەبێت لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا باسی لێوە دەکەین."

لەلای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین وتی " سەرجەم بابەتەکان دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ." بەڵام هۆشیاریدا لەوەی سوورە لەسەر بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی چین.

وتیشی " چین هیچ سازشێک ناکات لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە سەروەری و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانیەوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە ئەمەریکا کرد " لە میانەی گفتوگۆکاندا بەشێوەیەکی بونیادنەرانە و ڕاستگۆیانە کار بکات ." دانیشی بەوەدانا کە گفتوگۆکان " بەس نابن بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG