Accessibility links

لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا ئەمەریکا و کەنەدا سەرکۆنەی جەنگەکەی ڕووسیا دەکەن


وەزیرانی دارایی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئیندۆنیسیا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی مۆسکۆیان کرد لە ئۆکرانیا، بەرپرسانی ڕووسیایان بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە کردەوە دڕندانەکاندا لە ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد.

کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی کۆمەڵەی بیست لە دوورگەی بالی ئیندۆنیسیا بەڕێوەچوو، لەکاتێکدا هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و هەڵاوسانی ئابووری لە وڵاتانی جیهاندا. هەفتەیەک لەمەوبەریش وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستی جێهێشت.

بەپێی بەرپرسێکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا بە شاندەکەی ڕووسیای وت " ڕووسیا بە تەنها بەرپرسە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ئابووری جیهان."

وتیشی " بەرپرسانی ڕووسیا دەبێت ئەوە بزانن کە ئەوان بە پشتیوانیکردنیان لە ڕژێمەکەی پوتن کاریگەرییە تۆقێنەرەکانی جەنگەکە زیاتر دەکەن. ئێوەش بەرپرس دەبن لە کوژرانی هاوڵاتیانی بێتاوان."

بەرپرسێکی کەنەدا وتی وەزیری دارایی کەنەدا کریستیا فریلاند بە شاندەکەی ڕووسیای وتووە " ئێوە بەرپرسن لە تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا " چونکە پشتیوانی لە داگیرکارییەکە دەکەن.

بەرپرسەکەی کەنەدا وتی فریلاند بە شاندەکەی ڕووسیای وتووە " تەنها جەنەڕاڵەکان نین کە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن، بەڵکو تەکنۆکراتە ئابوورییەکانیشن کە ڕێگە دەدەن جەنگەکە بەردەوام بێت."

هەریەک لە وەزیری دارایی ڕووسیا ئانتۆن سیلوانۆڤ و وەزیری دارایی ئۆکرانیا سێرهێی مارچینکۆ لەڕێی ڤیدیۆوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.

بەپێی سەرچاوەیەک کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە، مۆسکۆ لە جیاتی وەزیرەکەی جێگری وەزیری دارایی وڵاتەکە تیمور ماکسیمۆڤی ناردووە تاوەکو ڕاستەوخۆ ئامادەی کۆبوونەوەکان بێت. لەکاتی لێدوانەکانی یەڵین و فریلانددا ئامادە بوو.

ئیندۆنیسیا کە میوانداری کۆبوونەوەکەی کرد وتی شکستهێنان لە گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی وزە و خۆراک کارەسات دەبێت.

وەزیری دارایی ئیندۆنیسیا سری مولیانی ئیندراواتی داوای لە وەزیرەکان کرد پێکەوە بە ڕۆحی " هاریکاری " کاربکەن چونکە " جیهان چاوەڕێی چارەسەرەکان دەکات."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG