Accessibility links

بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 باکووری کالیفۆرنیا دەهەژێنێت


بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.4 باکووری کەناری کالیفۆرنیای هەژاند، خانوو و ڕێگاکانی ژاکاند و هێڵەکانی خزمەتگوزاری پچڕاند و بەهۆیەوە هەزاران کەس بەبێ ئاو و کارەبا مانەوە.

ئۆفیسی پۆلیسی شارۆچکەی هومبۆڵدت وتی لانیکەم 12 کەس بریندار بوون و دوو کەسی دیکە گیانیان لە دەستداوە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی کالیفۆرنیا گاڤین نیوسەم باری نائاسایی لە شارۆچکەی هومبۆڵدت ڕاگەیاند تاوەکو یارمەتی وەڵامدانەوەی بەپەلەی بومەلەرزەکە بدات.

نیوسەم فەرمانی بە دەزگا و بەڕێوبەرایەتییەکانی ویلایەتەکە کردووە ڕێوشوێنی گونجاو و پێویست بگرنەبەر بۆ دابینکردنی پشتیوانی بۆ خەڵکی ناوچەکە.

ناوچەکە تا ڕادەیەک بە چالاکی بومەلەرزەکان تیایدا ناسراوە، بەڵام دوایین بومەلەرزە لە ناوچەکەدا زیانی زیاتر بووە لە بومەلەرزەکانی ساڵانی ڕابردوو.

بەرپرسانی کالیفۆرنیا دەڵێن بومەلەرزەکە بۆتە هۆی گڕگرتنی بینایەک دوای ئەوەی زیانی بە هێڵێکی گازی هیتەرێکی ئاوی گەرم گەیاندووە، دوو بینای دیکەش ڕووخاون. بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن ئاگرەکە بە خێرایی کۆنتڕۆڵ کراوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش دانیشتوویەکیان ڕزگار کردووە کە بۆ ماوەیەکی کەم لە ماڵەکەیدا گیریخواردبوو.

دەیان ماڵی دیکە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە کە ناتوانرێت چیتر خەڵکەکە تیایاندا بژین. زۆربەیان لە ڕیۆ دێڵ بوون کە شارۆچکەیەکە نزیکەی 3400 دانیشتووی هەیە و ڕووبەڕووی قورسایی بومەلەرزەکە بوونەوە.

بەڕێوبەری شارەکە کایڵ نووپ وتی ئاوی سەرانسەری ناوچەکە بڕاوە، وتیشی دوای ئەوەی پشکنەرانی خانووبەرە هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکەن پێشبینی دەکات 100 بۆ 150 دانیشتوو ئاوارە ببن.

بەپێی ماڵپەڕی poweroutage.us کە چاودێری هێڵەکانی کارەبا دەکات، نزیکەی 79,000 ماڵ و شوێنی کارەکانی سەرانسەری شارۆچکەکە کارەبایان بڕاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG