Accessibility links

مەکگورک دەڵێت زانیاری ورد لە بارەی چەکدارە بیانیـیەکانی داعشەوە کۆدەکەینەوە


نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەڵێت هاوپەیمانێتیەکەیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری وردن سەبارەت بەو توندڕەوە بیانیانەی لە نێو ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکاندان لە عێراق و سوریا.

برێت مەکگۆرک ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنفرانسی هەرزلیا لە ئیسرائیل ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئامانجی ئەم هەوڵە بۆ دەسـتنیشانکردنی ئەو کەسانەیە کە شیانی هەیە بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە، بۆیە دەزگا هەواڵگریـیەکان لەگەڵ پـۆلیسی نێودەوڵەتی (ئنتەرپـوڵ) زانیاریـیان لەسەر کۆدەکەنەوە و بە دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەدەن.

گوتیشی دەیانەوێت لە هەموو خاڵێـکی سنووری زانیاریـیان هەبێت لە بارەی هەر کەسێـک شەڕی بۆ داعش کردبێت لە سوریا یان عێراق، ئەمەش بۆ ڕێگەگرتنە لە ڕوودانی هێرشی تێرۆرستی هاوشێوەی ئەوانەی لەم دوایـیانەدا لە ئەوروپا کران.

پاشان باسی لەوە کرد ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕێگەی سنووری نێوان تورکیا و سوریا پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن زۆر کەمبووەتەوە. گوتی جاران هەفتانە سەدان کەس لەو سنوورەوە دەچوونە ناو داعشەوە، بەڵام ئێستا بووە بە چەند کەسێـک لە مانگێکدا.

XS
SM
MD
LG