Accessibility links

بلینکن پەیوەندییەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان چڕتر دەکاتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

واشنتن وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەڕێی پەیوەندیی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی سعودیە و قەتەڕ و میسڕ و فەڕەنسادا کردووە، ئەوەش لە هەوڵێکی سیاسیی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ هاوتا قەتەڕییەکەی شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانیدا کردووە و باسیان لە " هەوڵەکان کردووە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئیسڕائیل و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و غەزە."

پڕایس لە بەیاننامەکەدا وتی بلینکن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونی دیکەوە قسەی لەگەڵ هاوتا میسڕییەکەی سامح شوکریدا کردووە و جەختی لە داواکانی ئەمەریکا کردۆتەوە " لە سەرجەم لایەنەکان تاوەکو گرژییەکان کەمبکەنەوە و سنوورێک بۆ توندوتیژییەکان دابنێن."

بلینکن سوپاسی هاوتا میسڕییەکەی کرد لەسەر " ئەو هەوڵانەی " قاهیرە دەیدات بۆ " گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژییەکان."

هەروەها بلینکن بە هەمان شێوە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحاندا کردووە، بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بلینکن قسەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی ژان ئیڤ لۆدغیانیشدا کردووە و لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا باسیان لە ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان کردووە.

لە گفتوگۆکانیاندا دوو وەزیرەکە باسیان لە " نیگەرانیە هاوبەشەکەی نێوانیان کردووە لەسەر بەردەوامبوونی توندوتیژییەکان لە ئیسڕائیل و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و غەزە و جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردۆتەوە بە هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە."

جێی ئاماژەیە قەتەڕ لە دوای ئێرانەوە بە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی بزوتنەوەی حەماس دادەنرێت، پەیوەندییە نافەڕمییەکانیشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا پاراستووە، ئەوەش شتێکە وایکردووە هەمیشە بتوانێت ڕۆڵی نێوەندگر لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکاندا ببینێت، هەروەها کۆمەکییەکی زۆر کەرتی غەزەش دەکات.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی قەتەڕ لە دەوحە میوانداری سەرۆکی ئۆفیسی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس ئیسماعیل هەنیەی کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا هەنیە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد " دوژمنکارییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ڕابگرێت."

لەلایەکی دیکەوە میسڕ کە بە هێزێکی دیاریی ناوچەکە دادەنرێت و یەکەمین وڵاتی عەرەبیشە کە پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کردووە و سنووریی هەیە لەگەڵ کەرتی غەزەدا، بە نێوەندگرێکی هەمیشەیی دادەنرێت لە نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا.

سەرچاوە دیبلۆماتیەکان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسیان وت لە ڕۆژی دووشەممەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بە یارمەتی قەتەڕ و میسڕ و لایەنە نێوەندگرە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە هەوڵی ڕاگرتنی توندوتیژییەکان دەدات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG