وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن فەرمانیکرد پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ئەنجام بدرێت.
دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، گواستنەوەی هاوڵاتیان لە کابوڵەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە بەپەلە دەستیپێکرد، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 124,000 هاوڵاتی مەدەنیان لە ئەفغانستان گواستەوە، لەنێویاندا هاوڵاتیانی ئەمەریکا و ئەفغانیەکان و ئەوانی دیکەشی تێدابوون.
بەڵام هەزاران ئەفغانی دیکە کە کارییان لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیماناندا کردووە هێشتا لە ئەفغانستان ماونەتەوە و جێهێڵدراون، بەڵام هەندێکیان توانیویانە لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەفغانستان جێبهێڵن.
لە ماوەی ئەرکەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیاندا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، لە هێرشێکدا 13 سەربازی ئەمەریکی کوژران، ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند.
بلینکن لەمیانەی وتارێکیدا لەبەردەم کۆمەڵێک یاسادانەر و دیبلۆماتکاری ئەمەریکیدا لە سەنتەری خزمەتگوزاری بیانی لە دەرەوەی واشنتن وتی " فەرمانم کردووە زنجیرەیەک پێداچوونەوەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت لەسەر پلان و هەوڵەکانمان بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان و دووبارە نیشتەجێکردنیانەوە."
بلینکن هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان بەرزنرخاند، بەڵام وتی وەزارەتەکە دەبێت لێوەشی فێر بێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمەریکا جارێکی دیکە و لە شوێنێکی دیکە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی لەوشێوەیە ببێتەوە.
وتی " کە ئێستا سەیری دەکەین زۆر شتن هەن دەبێت بپرسین، دەمانتوانی شتەکان بەشێوەیەکی دیکە ئەنجام بدەین؟ ئایا دەبوو سەرەتا بیرمان لەوە بکردایەتەوە؟ دەکرا خێراتر ئەو بڕیارە بدەین؟"
بلینکن ئاماژەی بە وردەکاری پێداچوونەوەکە نەدا، بەڵام وتی " ئێمە قەرزاری خۆمانین، قەرزاری هاوڕێ و هاوبەشە ئەفغانیەکانمانین، قەرزای داهاتووی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەین کە لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە داهاتوودا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی قورسی لەوشێوەیە ببنەوە و لەمەوە فێر ببن، تاوتوێی بکەن، جێبەجێی بکەن، بەشێوەیەک بیپارێزن کە پەرە بە پلانەکانی داهاتوومان بدات و یارمەتیمان بدات باشتر خۆمان بۆ ڕووداوە لەناکاوەکانی داهاتوو ئامادە بکەین."
هەفتەی ڕابردوو ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەدا پشکنەری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە کۆتایی هێنان بە ئەرکە دیبلۆماتیەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئەفغانستان، هەروەها پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی پێدانی ڤیزای تایبەتی کۆچ دەکات کە لەڕێیەوە ئەفغانیەکان توانیان وەکو پەنابەر بچنە ئەمەریکا و لەوێ نیشتەجێ ببن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا