وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا و ئۆکرانیا " بەشێوەیەکی بەرچاو " کۆکن لەسەر ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە ئۆکرانیا پێی وایە پێویستیەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا و ئەمەریکاش دەتوانێت ئەو پێداویستیانەی بداتێ.
بلینکن بە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی وت لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا باسییان لە پێویستییە بەرگرییەکانی ئۆکرانیا کردووە. ڕۆژی یەکشەممە بلینکن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن سەردانی کیێڤیان کرد و لەگەڵ زێلێنسکیدا کۆبوونەوە.
بلینکن لە دانیشتنێکی ساڵانەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتدا سەبارەت بە ئەرکە سەرەکییەکانی بودجە و دیبلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " پێم وایە بەشێوەیەکی بەرچاو کۆکین لەسەر ئەوەی کە ئەوان دەڵێن پێویستمانە و ئێمەش پێمان وایە دەتوانین دابینی بکەین."
ئەندامانی لیژنەکە، بە کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیشەوە، وتیان پابەندن بە دابینکردنی یارمەتی زیاترەوە بۆ ئۆکرانیا.
بلینکن وتی ئێستا چەکەکان خێراتر دەگەنە ئۆکرانیا. لە ڕابردوودا بلینکن ئاماژەی بەوەدا بوو گەیشتنی چەکەکان چەند هەفتەیەکی دەوێت. ئێستا دەڵێت لەنێوان بڕیاری سەرۆک بایدندا بۆ ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا و گەیشتنی چەکەکان بۆ ئۆکرانیا تەنها 72 کاتژمێری دەوێت.
بلینکن لە دانیشتنەکەدا وتی " سروشتی شەڕەکە و شتەکان لە ئێستادا گۆڕاون."
زێلێنسکی چەند جارێک داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە چەکی قورسی بدەنێ تاوەکو هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا ببنەوە کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.
سەبارەت بە چینیش بلینکن وتی " دوودڵییەکی زۆر هەیە " لە ئەوروپادا سەبارەت بە مامەڵەکردنی چین لەگەڵ داگیرکارییەکەی ڕووسیادا.
وتی " شتێک هەیە کە ئێمە زۆر زۆر بە وریاییەوە چاودێری دەکەین. پێم وایە ئەوەی دەیبینیت ئەوەیە کە چین دەبێت مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی لەکەداربوونی ناوبانگەکەی بکات ئەگەر پشتیوانی لە ڕووسیا بکات."
وتی " بەڵام لە ئێستادا پشتیوانییەکی گەورەی چین نابینین بۆ کردەوە سەربازییەکانی ڕووسیا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز