Accessibility links

بلینکن داوای کۆتایی هێنان بە " کردەوە دوژمنکارییەکانی " چین دەکات لە ناوچەکانی دەریای هێمن و هیندیدا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیندۆنیسیا داوای لە چین کرد " کردەوە دوژمنکارییەکانی " لە ناوچەکانی دەریای هێمن و هیندیدا ڕابگرێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی پتەوکردنی هاوپەیمانێتیەکانی دەدات دژی پەکین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەشتێکی بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەستپێکردووە، سەرەتا سەردانی ئیندۆنیسیای کرد، ئەمەش لەم چەند مانگەی ڕابردوودا نوێترین سەردانی بەرپرسانی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە.

لە وتارێکدا کە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ناوچەکانی دەریای هێمن و هیندی دەردەخات، بلینکن وتی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا کاردەکات بۆ " بەرگریکردن لە سەروەری یاسا " و وڵاتان دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت " ڕێگای خۆیان هەڵبژێرن."

وتیشی " لەبەر ئەوەیە نیگەرانیەکی زۆر هەیە سەبارەت بە کردەوە دوژمنکارییەکانی چین، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ ڕووباری میکۆنگ و دواتر بۆ دورگەکانی دەریای هێمن."

بلینکن لە وتارێکدا لە زانکۆی ئیندۆنیسیا وتی " بانگەشەکردنی ئەوەی کە ئەوان خاوەنی دەریاکانن. قۆرخکردنی بازاڕی کراوە لەڕێی کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیانەوە. ڕەت کردنەوەی هەناردەکردن و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە سیاسەتەکانیان لەگەڵیاندا ناگونجێت. وڵاتانی سەرانسەری ناوچەکە دەیانەوێت ئەم هەڵسوکەوتانە بگۆڕدرێت، ئێمەش ئەوەمان دەوێت."

جەختیشی لەوە کردەوە واشنتن " سوورە لەسەر ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لە ئازادی هاتوچۆ لە دەریای باشووری چیندا. وتیشی کردەوەکانی پەکین لەوێ ساڵانە هەڕەشەی بۆ سەر هاتوچۆی زیاتر لە 3 تریلیۆن دۆلار بازرگانی دروستکردووە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG