ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند سەربازانی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە. ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا بەپێی " پێداچوونەوەیەکی ورد " ی زانیارییە گشتی و سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بابەتە کردووە.
بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە تاوانی جەنگ و ئەو زانیارییانەی کۆی دەکاتەوە لەگەڵ هاوپەیمان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا هاوبەشی دەکات. وتیشی لە کۆتاییدا دادگای یاسا بەرپرس دەبێت لە بڕیاردان لەسەر هەر ڕاپۆرتێک کە ئاماژە بە تاوانی جەنگ بکات.
بلینکن وتی " ئێمە پابەندین بە هەوڵەکانمانەوە بۆ لێپێچینەوە لە بەرپرسیاران، ئەوەش لەڕێی هەموو ئەو ئامڕازانەوە کە لەبەردەستماندان، بە دادگای تاوانیشەوە."
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن " تاوانباری جەنگە " لەسەر ئەوەی هێرشی کردۆتەسەر ئۆکرانیا.
بلینکن وتی " ژمارەیەک زۆر لەو ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوانەمان لایە کە تیایاندا باس لەوە کراوە هێرشی بەمەبەست کراوەتە سەر ئامانجە مەدەنییەکان، هاوکات باس لە کاری دڕندانەی دیکە کراون کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون. " ئاماژەشی بە هێرشەکانی سەر شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراودا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز