جێگری وەزیری بەرگری سعودیە لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کەوت.
جێگری وەزیری بەرگری سعودیە شازادە خالید بن سەلمان کە برا بچووکی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمانە، باڵاترین بەرپرسی سعودیەیە لە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە سەردانی ئەمەریکا بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی شازادە خالید چاوی بە دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کەوتووە، ڤیکتۆریا نولاند وو دێریک کۆلێت، هەروەها بلینکن بەشداری لە تەنها بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کردووە، ئەمەش هاوشێوەی ئەو پێشوازییە بوو کە ڕۆژێک پێشتر لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لێیکرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " بلینکن لەگەڵ شازادەدا باسی لە هەوڵەکان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی سەرانسەری و گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی سیاسیی لە یەمەن."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی ئەمەریکادا لەگەڵ شازادە خالید " باس لە چاکسازییە داراییەکان و یارمەتیە مرۆییەکان کراوە بۆ گەلی لوبنان، هەروەها باس لە بابەتە سەرەکیەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کراوە، لەوانەش مافەکانی مرۆڤ."
لەلای خۆیەوە کۆشکی سپی وتی جێگری وەزیری بەرگری سعودیە ڕۆژی سێشەممە چاوی بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان کەوتووە، سۆلیڤان " باسی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردووە بۆ یارمەتیدانی سعودیە لە بەرگریکردن لە خاکەکەی لە کاتێکدا بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن دەبێتەوە کە هاوپەیمانی ئێرانن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس