Accessibility links

بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل تاوتوێی ئۆکرانیا و ڕووسیا و گفتوگۆ ناوەکییەکانی ئێران دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل یائیر لاپید لە ڕیگای پایتەختی لاتیڤیا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دەستپێشخەرییە دیبلۆماتییەکانی ئیسڕائیل کرا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا.

دوو وەزیرەکە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا باس لە گفتوگۆکانی ڤییەناش دەکەن سەبارەت بە دووبارە زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە دێت سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا قسەی کرد.

لاپید وتی " ئیسڕائیل هاوبەشێکە لە هەوڵە جیهانییەکاندا بۆ وەستاندنی ئەم جەنگە. تەنها ڕێگە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە گفتوگۆکردنە."

بلینکن وتی ئەمەریکا هەر هەوڵێکی هاوپەیمانەکانی بۆ ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا بەرز دەنرخێنێت. جەختیشی لەوە کردەوە هەر چارەسەرێک بۆ کێشەکان دەبێت سەربەخۆیی و سەروەری خاکی ئۆکرانیای تیادا بپارێزرێت.

لاپید وتی ئەم کۆبوونەوەیەی لەگەڵ بلینکندا لەکاتێکدایە " کە دۆخی جیهان لە گۆڕاندایە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ جەنگی ناو ئۆکرانیا و گفتوگۆ ناوەکییەکان.

ئیسڕائیل هەمیشە داوای لە ئەمەریکا کردووە کۆتوبەندی زیاتر بخاتە سەر چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لە ئەگەری دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

لاپید وتی " ئەوە نهێنی نیە کە بۆچوونی جیاوازمان هەیە سەبارەت بە گفتوگۆ ناوەکییەکان، بەڵام ئەمە گفتوگۆیەکە لەنێوان هاوپەیماناندا کە سەرجەمیان یەک ئامانجییان هەیە، ئەوەش ئەوەیە ڕێگە نەدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG