Accessibility links

بلینکن سەردانی ئەڵمانیا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە قەتەڕەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت و لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماسدا کۆدەبێتەوە، مەبەست لە سەردانەکەشی تاوتوێکردنی ڕەوشی ئەفغانستان و حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەیە.

بلینکن لە ڕامستین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماسدا کۆدەبێتەوە و دواتر ڕابەرایەتی کۆبوونەوەیەک دەکەن لەڕێی ڤیدیۆوە لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی 20 وڵاتدا، کۆبوونەوەکەش لەسەر ئەوە دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەفغانستاندا بکەن.

پێدەچێت ئەمەریکا هەوڵ بدات فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر تاڵیبان دروستبکات تاوەکو تاڵیبان پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت و ڕێگە بدات ئەمەریکیەکان و ئەو هاوڵاتیە ئەفغانیانەی کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن لە وڵاتەکە بێنە دەرەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەیاندا پێدەچێت تاوتوێی هەماهەنگیەکانیان بکەن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی ئەفغانستاندا، کە ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندرا و هیچ ئافرەتێکی تێدا نیە و هیچ کەسێکیشی تێدا نیە کە ئەندامی تاڵیبان نەبێت.

ئەمەریکا وتی " نیگەرانە " لە شێوازی پێکهێنانی حکومەتەکە، بەڵام بەپێی کردارەکانی بڕیاری لەسەر دەدات. ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردۆتەوە هەر دانپێدانانێکی فەڕمی بە حکومەتی تاڵیباندا زۆر دوورە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG