Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا بایدن و سەرۆکی چین گفتوگۆ بکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جینپینگ دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت گفتوگۆ بکەن.

بلینکن کاتێک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تایلاند پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بایدن و شی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی ڕووبەڕوو کۆدەبنەوە یاخود نا، بلینکن وتی ناتوانێت بڵێت ئەو کاتە چی ڕوودەدات.

وابڕیارە لە مانگی یانزەدا ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست لە بالی ئیندۆنیسیا کۆببنەوە.

بلینکن وتی ناتوانێت باس لەوە بکات ئەمەریکا کێ ڕەوانەی کۆبوونەوەکەی ئاپێک دەکات لە تایلاند کە بڕیارە بە هەمان شێوە لە مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.

بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی " سەبارەت بە سەرۆک شی و سەرۆک بایدن، پێشبینی ئێمە ئەوەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەرفەتییان هەبێت قسە بکەن، ناشتوانم بڵێم لە پایزدا چی ڕوودەدات."

ئەمەریکا چین بە ڕکابەری ستراتیژی سەرەکی خۆی ناودەبات و دەڵێت گفتوگۆ ئاست بەرزەکان لەگەڵ چیندا پێویستە، ئەوەش لەپێناو هێشتنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بە جێگیری و ڕێگە نەدان بەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکان پەرەبسەنن بۆ ململانێ.

بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا وتی " لەکاتێکدا کە ئێمە زۆر بە پەرۆشەوەین بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی ئاپێکدا، هێشتا ناتوانم باس لەوە بکەم کێ بەشداری دەکات، بەڵام ئەمەریکا ئامادە دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG