Accessibility links

ئەمەریکا ' دەرفەتێکی مێژووی دەبینێت بۆ ئاشتی ' لە ناگۆرنۆ کاراباخ


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە ئەرمینیا و ئازەربایجان کرد " دەرفەتە مێژووییەکە " بقۆزنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییە دەیان ساڵەکەیان لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ.

ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو جار لە جەنگدا بوون لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخ کە دانیشتوانەکەی پێکهاتوون لە هاوڵاتیان ئەرمەنی و ئازەربایجانی، جەنگەکانیش بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران کەس.

نێوەندگرییە نێودەوڵەتییەکانیش لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان وتی پڕۆژەیەکی پەیماننامەی ئاشتی پێشکەشی ئازەربایجان کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن پێش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پاشینیان و سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤدا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ وتی " باوەڕمان وایە ئەرمینیا و ئازەربایجان دەرفەتێکی مێژووییان لە بەردەستدایە بۆ بە دەستهێنانی ئاشتی، دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە ململانێ."

گوتیشی " هەردوولا خۆیان سەنگەکانیان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نوێکردۆتەوە، ئەوەش لە ڕێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئێمەشدا."

گوتیشی " ئەمەریکا پابەندە بەوەی هەرچی لە توانایدا بێت ئەنجامی بدات بۆ پشتیوانیکردن لەم هەوڵانە."

ئەرمینیا و ئازەربایجان پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1991 دا یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، جیاخوازە ئەرمەنەکان لە ناگۆرنۆ کاراباخ لە ئازەربایجان جیا بوونەوە. ئەو شەڕەش بووە هۆی کوژرانی 300,000 کەس.

لە ساڵی 2020 دا جارێکی دیکە شەڕێک لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ڕوویدایەوە، لەو شەڕەدا زیاتر لە 6500 کەس کوژران و دواتر بەهۆی نێوەندگری ڕووسیاوە شەڕەکە کۆتایی هات، ئەرمینیاش کۆمەڵێک ناوچەی لە دەستدا کە دەیان ساڵ بوو لە ژێر کۆنتڕۆڵیدا بوون.

پێشنیارەکەی پاشینیان بۆ ئاشتی دوای ئەوە دێت ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پەیڕەویکردنی " سیاسەتی پاکتاوی نەژادی " دژی ئەرمەنەکان و ناچارکردنی هاوڵاتییە ئەرمینییەکان بۆ جێهێشتنی ناگۆرنۆ کاراباخ.

لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە لە میونخ، ئۆفیسی پاشینیان پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیاری پەیماننامەی ئاشتی تاوتوێ کراوە.

ئۆفیسەکە وتی " پاشنیان دووبارە جەختی لە سووربوونی ئەرمینیا کردەوە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک کە تیایدا بە ڕاستی ئاشتی و سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا بکەوێتەوە."

بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەرکۆنەی " بڕیارەکەی ئازەربایجانی کرد بۆ گرتنی ڕێڕەوی لاچین و ئەوەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی قەیرانی مرۆیی و ژینگەیی و وزە لە ناگۆرنۆ کاراباخ."

بەپێی دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی نۆڤۆستی، سەرۆکی ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکە دەڵێت " تاوتوێی پێشنیارەکانی ئەرمینیا دەکات."

گوتی " سەرەتا بەرەوپێشچوونێک هەیە لە هەڵوێستی ئەرمینیادا، بەڵام ئەوە بەس نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG