Accessibility links

بلینکن داوا لە تونس دەکات بگەڕێتەوە سەر " ئاڕاستەی دیموکراسی "


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە سەرۆکی تونس قەیس سەعید کرد هەنگاو بنێت بۆ گەڕاندنەوەی وڵاتەکە بۆ " ئاڕاستەی دیموکراسی "، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی تونس سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی لەکارەکەی دوورخستەوە و کارەکانی پەرلەمانی ڕاگرت.

سەعید بەهۆی فراوانبوونی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەوە، دەسەڵاتی بەپەلەی چالاک کرد، بەوەش توانی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە لەکارەکەی لاببات و کارەکانی پەرلەمان ڕابگرێت و دەستی خستە نێو دەسەڵاتی جێبەجێکارییەوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە لەلایەن شەقامەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام ڕکابەرەکانی بە کودەتا ناودێرییان کرد.

ڕۆژی دووشەممە بلینکن لەگەڵ سەعیددا قسەی کرد، لە چاوپێکەوتنێکیشیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەڕیدا وتی نیگەرانە سەبارەت بەم هەنگاوانە کە " لەگەڵ دەستووری وڵاتەکەدا یەک ناگرنەوە."

چوار ڕۆژ دوای ئەوەی سەعید بڕیارەکانی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا سەرۆک وەزیرێکی نوێی دەستنیشان نەکردووە و هیچ وردەکارییەکیشی نەداوە لەسەر ئەوەی چۆن دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو 30 ڕۆژەدا بکات کە تیایدا کارەکانی پەرلەمانی ڕاگرتووە.

لەم مانگانەی دواییدا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تونس زیادیکرد، لەکاتێکدا ئابووری وڵاتەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکە خۆپیشاندان دژی حکومەت و حیزبە سەرەکییەکانی پەرلەمان ئەنجام بدەن.

هاوکات سەرۆکی پەرلەمان ڕاشید غەنوشی کە سەرۆکی حیزبی نەهزەی ئیسلامییە بڕیارەکانی سەرۆکی تونسی بە کودەتا ناودێرکرد.

جێی ئاماژەیە سەعید سیاسییەکی سەربەخۆیە و لەلایەن هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی فەڕمییەوە پشتیوانی لێناکرێت، بەڵام لەلایەن سوپاوە پشتیوانی لێدەکرێت کە بە فەرمانی ئەو پەرلەمان و باڵەخانەکانی دیکەی حکومەتیان گەمارۆدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG