Accessibility links

بایدن بانگهێشتی سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات بۆ کۆشکی سپی


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دووبارە جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا کردەوە لە سەروەری خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش دوای جموجۆڵەکانی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، هەروەها بانگهێشتی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زلینسکی کرد بۆ کۆشکی سپی.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت بایدن بە تەلەفون قسەی لەگەڵ زیلینسکیدا کردووە، پێی وتووە " بە توندی لەپاڵ سەروەری خاکی ئۆکرانیادا دەوەستێت و بە پەرۆشەوەیە ئەم هاوینە لە کۆشکی سپی پێشوازی لێبکات."

ئەم بانگهێشتە ئاماژەیەکە بۆ پشتیوانی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا پێش کۆبوونەوەکەی هەفتەی داهاتووی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە جنێڤ.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی دوو سەرۆکەکە " تاوتوێی بەها دیموکراسییە هاوبەشەکانی دوو وڵاتەکەیان کردووە و بایدن جەختی لە پابەندبوونی جێگیری ئەمەریکا کردۆتەوە بە سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە لەدژی هەر دوژمنکارییەکی ڕوسیا لە دۆنباس و کریمیا."

سەرۆکی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا بانگهێشتکردنەکەی پەسەند کرد.

زیلینسکی وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا بایدن دووبارە جەختی لەوە کردەوە ڕێگەخۆش بکات لەبەردەم ئۆکرانیادا تاوەکو بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ. هەروەها سەرۆکی ئۆکرانیا " سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی " لەسەر پلانی ئەمەریکا بۆ پێدانی 900,000 بەشە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG