Accessibility links

سەرۆک بایدن بەنیازە لەگەڵ سەرۆک وەزیری هیندستاندا کۆببێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدی

کۆشکی سپی وتی ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدیدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمەریکا ڕوونی کردۆتەوە نایەوێت هیندستان وزەی زیاتری ڕووسیا هاوردە بکات.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک بایدن بەردەوام دەبێت لە تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی جەنگە دڕندانەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و هەروەها کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە خراپەی کە جەنگەکە لەسەر خۆراکی جیهان و بازاڕی شتومەکەکاندا دروستی کردووە."

جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئابووری نێودەوڵەتی، دالیپ سینگ کە لەمدواییانەدا سەردانی هیندستانی کرد وتی ئەمەریکا " هیچ هێڵێکی سوور " بۆ هیندستان دانانێت لەسەر هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیاوە، بەڵام نایەوێت ببینێت هیندستان وزەی زیاتری ڕووسیا بکڕێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هیندستان لانی کەم 13 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕووسیا کڕیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتی ڕووسیاوە دوابەدوای سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر کۆمپانیا و لایەنەکانی ڕووسیا. هەموو ساڵی ڕابردوو هیندستان تەنها 16 ملیۆن بەرمیلی نەوتی لە ڕووسیا کڕیوە.

کۆشکی سپی وتی هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، لە هیندستانیشەوە هەریەک لە وەزیری کاروباری دەرەوەی هیندستان سوبراهمانیام جایشانکار و وەزیری بەرگری هیندستان ڕاجنات سینگ ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

بایدن کە دوایین جار لە مانگی سێدا بوو قسەی لەگەڵ مۆدیدا کرد، وتی هیندستان تاکە وڵاتە لە گروپی کواددا کە " بە جۆرێک دوودڵە " لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی ڕووسیا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

گروپی کواد هەریەک لە ئەمەریکا و هیندستان و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا دەگرێتەوە، هیندستان هەوڵیداوە هاوسەنگییەک ڕابگرێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ڕۆژئاوادا، بەڵام ئەندامانی دیکەی گروپەکە سەرجەمییان سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

ساکی وتی بایدن و مۆدی تاوتوێی کۆمەڵێک بابەتی دیکە دەکەن، لەوانەش هاریکارییەکانی نێوانیان لە کۆتایی هێنان بە پەتای کۆرۆنا و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و توندکردنەوەی ئابووری جیهان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG