Accessibility links

سەرۆک بایدن و پاشای ئوردن کۆدەبنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و پاشا عەبدوڵای ئوردن لە کۆشکی سپی، 9 ی 7 ی 2021, واشنتن

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و پاشای ئوردن عەبدوڵا لە واشنتن کۆدەبنەوە، ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکاندا لەگەڵ ئیسڕائیل سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی شوێنە پیرۆزەکانی موسوڵمانەکان و کریستیانەکان لە ئۆرشەلیم.

بەپێی پەیماننامەیەکی ئاشتی لەنێوان ئوردن و ئیسڕائیلدا کە لە ساڵی 1994 دا واژۆ کراوە، ئوردن پاسەوانی ئەو شوێنە پیرۆزانەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل نەفتاڵی بێنێت لەمدواییانەدا ڕایگەیاند ئیسڕائیل هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی مزگەوتی ئەل ئەقسادا ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی کە هاوەڵی پاشا عەبدوڵا دەکات لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا، وتی " کۆبوونەوەکە لەگەڵ بایدن گرنگ دەبێت بۆ گفتوگۆکان لەسەر کێشەکانی ناوچەکە." لە گفتوگۆکاندا باس لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ناو ئیسڕائیلیش دەکرێت کە لەمدواییانەدا زیادییان کردووە، هەروەها تاوتوێی ئۆرشەلیم و شوێنە پیرۆزەکانی و کەناراوەکانی ڕۆژئاواش دەکرێت.

کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆک بایدن و پاشا عەبدوڵا شەش هەفتە دوای ئەوە دێت عەبدوڵا لە عەمان لەگەڵ سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگدا کۆبۆوە و تاوتوێی کێشەکانی ناوچەکەیان کرد، سەردانەکەی هێرزۆگ بۆ ئوردن یەکەمین سەردانی فەڕمی سەرۆکێکی ئیسڕائیل بوو بۆ ئەو وڵاتە.

سەفەدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی سکای نیوزی عەرەبیدا تیشکی خستەسەر هەڵوێستی ئوردن لەسەر ئەوەی " هەر ڕێوشوێنێک کە پێگەی ئۆرشەلیم پێشێل بکات لەڕووی یاساییەوە بەتاڵە." هەروەها ڕەتیشی کردەوە گۆڕانکاری کرابێت لە ڕۆڵی بەردەوامی ئوردندا بۆ پاسەوانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی موسوڵمانەکان و کریستیانەکان.

ڕۆژنامەنووس و شیکەرەوەی فەڵەستینی داود خوتاب لە عەمان بە دەنگی ئەمەریکای وت هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆڵی ئوردندا لە سێ ڕووەوە پێشێلکاری دەبێت. یەکەمیان ڕێکەوتنی عوسمان سوڵتان عوسمانی سێیەمە لەسەر پێگەی ئۆرشەلیم کە لە ساڵی 1757 دا واژۆ کراوە و تیایدا پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم دین و باوەڕەکانی ناو ئۆرشەلیمی ڕێکخستووە.

خوتاب وتی " پێشێلکردنی ڕێکەوتنی پێگەی ئۆرشەلیم کە لە ساڵی 1757 دا واژۆ کراوە و تاوەکو ئێستا لە دەستی تورک و بەڕیتانی و ئوردنییەکانیش ڕزگاری بووە. دووەم، پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2014 ی نێوان سەرۆک وەزیری پێشووی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و پاشا عەبدوڵا و وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمەریکا جۆن کێرییە، کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە ئەل ئەقسا بۆ موسوڵمانەکانە نوێژی تیادا بکەن و بۆ هەموو ئەوانی دیکەشە سەردانی بکەن. هەروەها پێچەوانەی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیلە کە وتی ئیسڕائیل ڕێز لە پێگەی مزگەوتی ئەل ئەقسا دەگرێت."

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی داواشی لە ئیسڕائیل کرد ئارامی دەوروبەری ئەو ناوچانە بپارێزێت، بەتایبەتی مزگەوتی ئەل ئەقسا.

وەکو پاسەوانی مزگەوتەکە، ئوردن هەوڵ دەدات گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان کەم بکاتەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەشدار بووە لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئارامی لەو شوێنەدا. بەڵام ناوچەکە ڕووبەڕووی شەڕ و پێکدادانی توندی بەردەوامی فەڵەستینییەکان و پۆلیسی ئیسڕائیل بووەتەوە.

گروپە چەکدارییەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی گرژییەکانیان زیاتر کرد کاتێک داوایان کرد لە مانگی ڕەمەزاندا هێرشەکان لە ئۆرشەلیم و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا زیاتر بکرێن.

ڕۆژی دووشەممە پاشا عەبدوڵا لە نیویۆرک لەگەڵ ڕابەرە کریستیانەکاندا کۆبۆوە. خوتاب ئاماژەی بەوەدا پاشا عەبدوڵا جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ئوردن کردۆتەوە لە پاسەوانیکردنی شوێنە پیرۆزەکانی ئۆرشەلیمدا.

خوتاب وتی " جەختیان لە پشتیوانی خۆیان کردەوە بۆ هەوڵەکانی پاشا لە پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی کریستیانەکان و موسوڵمانەکاندا لە ئۆرشەلیم و ڕێزگرتن لە ڕێکەوتنەکان لەسەر پێگەی ئۆرشەلیم."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG