Accessibility links

یەکەم وتاری سەرۆک بایدن پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە یەکەمین وتاریدا پاش کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان داکۆکی لە بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکان کرد و وتی ئەمەریکا دوو بژاردەی لەبەردەمدا بووە، کشانەوە یان درێژەدان بە شەڕ.

بایدن وتی " بڕیارەکە لەنێوان ئەم دوو بژاردەیەدا بوو، کشانەوە یاخود درێژەدان بە شەڕ. پێم باش نەبوو درێژە بەم جەنگە بدەم و پێشم باش نەبوو درێژە بە ماوەی کشانەوەکە بدەم."

بایدن وتی بڕیاری کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆتایی هێنانیشە بە سەردەمی ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە ئامانج لێیان دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتانی دیکە بووە.

هەروەها سەبارەت بە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ، بایدن وتی " بەردەوام دەبین لە شەڕمان دژی تیرۆر لە ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەش."

وتیشی " بە داعشی خۆراسان دەڵێم : هێشتا وازمان لێنەهێناون."

سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیانیش لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، بایدن وتی گواستنەوەی زیاتر لە 120,000 کەس بۆ دەرەوەی ئەفغانستان " سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر " بوو.

وتی " هیچ وڵاتێک لە مێژوودا شتێکی لەو شێوەیەی نەکردووە، تەنها ئەمەریکا ئەو توانا و ئیرادەیەی هەبوو بیکات."

جێی ئاماژەیە بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن " کەمتر لە 200 " هاوڵاتی ئەمەریکی لە ئەفغانستان ماونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG