بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ تیمەکەیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تاوتوێی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، هەروەها بڕیارە لەگەڵ پاشا عەبدوڵای دووەمی ئوردندا کۆببێتەوە، هاوکات سەرکردەکانی ئیسڕائیل هۆشداری دەدەن و دەڵێن ئەگەر هێرش بکرێتە سەرییان ئەوا " باجێکی قورسی " لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئێران یاخود لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی دووشەممە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان نادات لە ناوچەکەدا " بەڵام مافی خۆیەتی سزای ئیسڕائیل بدات دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە لە ناو تاراندا.
ئێران ئیسڕائیل بە بەرپرس دادەنێت لە کوژرانی هەنییەدا، هێرشەکەی سەر هەنییە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بوو ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان و فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵای لوبنانی کوشت، کە هاوشێوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئێران و لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا هەوڵی گەمارۆدانی ئیسڕائیل دەدەن " لە شوێنەکانی تیرۆردا."
وتی " ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دژی ئەوان بوەستینەوە لە هەر بەرەیەک و لە هەر گۆڕەپانێکدا، لە نزیک و لە دووریش. هەرکەسێک زیانمان پێبگەیەنێت ئەوا باجێکی زۆر قورس دەدات."
ڕۆژی دووشەممە تورکیا و ژاپۆن داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد لوبنان جێبهێڵن، هەریەک لە ئەمەریکا و فەڕەنسا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ئوردن پێشتر داوایان کردووە هاووڵاتییانیان لوبنان جێبهێڵن.
وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ئێرانی کرد و داوای کۆتایی هێنانی کرد بە گرژییەکان و داوای کرد ناوچەکە بتوانێت لە " ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریدا " بژی.
ڕۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن قسەی لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی یۆواڤ گالانتدا کرد و جەختی " لە پشتیوانی جێگیری ئەمەریکا کردەوە بۆ ئاسایش و مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی مەترسییەکانی ئێران " و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران، وەکو حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " دوو وەزیرەکە تاوتوێی جووڵەکانی ئەمەریکایان کردووە کە وەزارەتەکە گرتوونییەتەبەر بۆ پتەوکردنی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل، هەروەها بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."
ئەمەریکا دەستیکردووە بە ڕەوانەکردنی کەشتیە فڕۆکە هەڵگرەکانی و فڕۆکەی شەڕکەری زیاتر بۆ ناوچەکە، ئەوەش لە هەنگاوێکدا کە ڕۆژی هەینی لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتدا قسەی کرد و تاوتوێی پێویستییە بەپەلەکەی کرد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن و هاوتاکانی " جەختییان لە پابەندبوونی خۆیان کردووەتەوە بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە و داوای دان بەخۆداگرتنی سەرجەم لایەنەکانییان کردووە، تاوەکو ڕێگە نەدەن ململانێکە پەرەبسەنێت."
ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر باشووری لوبنان، ئەوەش لە وەڵامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حزبوڵادا.
حزبوڵا وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی بنکەیەکی سەربازیی ئیسڕائیل.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا