Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکەن لە حاڵەتی داگیرکاری چیندا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکەن لە حاڵەتی داگیرکارییەکی چیندا دژی تایوان.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامی 60 خولەکی کەناڵی سی بی ئێسدا، کاتێک سەرۆک بایدن پرسیاری لێکرا ئایا هێزەکانی ئەمەریکا بەرگری لە تایوانی دیموکراتخواز دەکەن، بایدن گوتی " بەڵێ، ئەگەر لە ڕاستیدا هێرشێکی بێپێشینە ئەنجام بدرێت."

پێشکەشکاری پڕۆگرامەکە داوای ڕوونکردنەوەی لە بایدن کرد و گوتی واتە بە پێچەوانەی ئۆکرانیاوە، هێزەکانی ئەمەریکا، سەربازە ئافرەت و پیاوەکانی ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکەن لە حاڵەتێکدا ئەگەر چین داگیری بکات؟ بایدن گوتی " بەڵێ."

لە مێژە ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی بە نادیاری هێشتۆتەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەگەر هێرش بکرێتە سەر تایوان، ئەمەریکا لەڕووی سەربازییەوە بەرگری لە تایوان دەکات یاخود نا.

بەڵام سەرۆک بایدن پێشتریش ئاماژەی بەوەدا بوو کە ئەمەریکا بەرگری لە تایوان دەکات، بەڵام ئەمجارەیان ڕوونتر ئاماژەی پێدا.

سەبارەت بە لێدوانەکەی بایدن، وتەبێژی کۆشکی سپی گوتی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە تایوان نەگۆڕاوە.

گوتی " سەرۆک پێشتر ئەمەی وتووە، لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا لە تۆکیۆش وتی. ڕوونیشی کردۆتەوە کە سیاسەتمان بەرامبەر تایوان نەگۆڕاوە. بە ڕاستی ماوەتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی تایوان سوپاسی بایدنی کرد لەسەر جەختکردنەوە لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە " ئاسایشی تایوانەوە."

گوتیشی تایوان بەردەوام دەبێت لە پتەوکردنی توانا بەرگرییەکانی و هاریکارییە ئاسایشییە نزیکەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا قوڵتر دەکاتەوە.

چاوپێکەوتنەکەی بایدن لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسدا هەفتەی ڕابردوو ئەنجام دراوە، سەرۆک بایدن ئێستا لە بەڕیتانیایە و بەشداری لە پرسەی شاژنە ئەلیزابێس دەکات.

لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئایا ئامادەیە لەڕووی سەربازییەوە بەرگری لە تایوان بکات، لە وەڵامدا وتی " بەڵێ، پابەندین بەو بەرپرسیارێتیەوە."

لە چاوپێکەوتنەکەی پڕۆگرامی 60 خولەکی کەناڵی سی بی ئێسدا سەرۆک بایدن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بە سیاسەتی " یەک چینەوە "، کە بەپێی سیاسەتەکە ئەمەریکا بە فەڕمی دان بە چیندا دەنێت نەک تایوان. وتیشی ئەمەریکا هانی سەربەخۆیی تایوانی نەداوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG