Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: سەرۆک بایدن پلانی نیە لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیەدا کۆببێتەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان دەڵێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن " هیچ پلانێکی نیە " لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئیندۆنیسیا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆببێتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سعودیە گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی سعودیە پشتگیری لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کرد، سەرۆک بایدنیش هۆشداریداوە لەسەر گرتنەبەری " کۆمەڵێک ڕێوشوێنی " دیارینەکراو دژی سعودیە.

بڕیارەکەی هەفتەی ڕابردووی ئۆپیک پڵەس پێکهاتبوو لە سعودیە و گروپێکی دیکەی 10 وڵاتی کە لەلایەن ڕووسیاوە ڕابەرایەتی دەکران، بەپێی بڕیارەکەش کە لە مانگی یانزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەم دەکرێتەوە.

ئەم بڕیارەش ڕەنگە نرخەکانی وزە بەرزتر بکاتەوە لە کاتێکدا کە بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە قەیرانی وزە دروست بووە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا لە کۆنگرێس کراوەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دژی سعودیە.

بەڵام سۆلیڤان ڕۆژی یەکشەممە گوتی سەرۆک بایدن " بە پەلە ڕەفتار ناکات."

سۆلیڤان بە سی ئێن ئێنی گوت " سەرۆک بە شێوەیەکی میتۆدی و ستراتیژی ڕەفتار دەکات و کاتی خۆی وەردەگرێت بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی هەردوو پارتەکەدا، هەروەها دەرفەتێکیش دروست دەبێت بۆ کۆنگرێس تاوەکو سەرۆک بایدن ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا دانیشێت و تاوتوێی بژاردەکان بکەن."

کۆشکی سپی گوتی ئۆپیک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت " لە پاڵ ڕووسیادا بوون "، وتیشی ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی مۆسکۆ و ئەو سزایانە دەخاتە مەترسییەوە کە بەسەر ڕووسیادا سەپێندراون بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.

بەرپرسانی سعودیە داکۆکییان لە بڕیارەکە کردووە و دەڵێن پاڵنەری بڕیارەکە هۆکاری ئابووری بووە نەک سیاسیی.

وابڕیارە ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی بیست لە مانگی داهاتوودا لە بالی پایتەختی ئیندۆنیسیا کۆببنەوە، کۆبوونەوەیەک کە ڕەنگە سەرۆک بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ پێکەوە کۆبکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG