Accessibility links

سەرۆک بایدن: هێشتا ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا ماوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت واشنتن پێی وایە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە " هێشتا ماوە "، هەروەها داوای لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن کرد بەردەوام بێت لە گفتوگۆکان، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە.

بایدن وتی " جەنگی جیهانی دووەم جەنگێک بوو پێویست بوو، بەڵام ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا جەنگەکە هەڵبژێردراو دەبێت، جەنگێک بەبێ هیچ هۆکار و پرسێک. ئەم شتانە دەڵێم نەک بۆ وروژاندن بەڵکو بۆ وتنی ڕاستییەکان، چونکە ڕاستی گرنگە، بەرپرسیارێتی گرنگە. ئەگەر ڕووسیا لە ڕۆژان و هەفتەی داهاتوودا هێرش بکات ئەوا ئەو باجەی کە خەڵکی ئۆکرانیا دەیدەن زۆر گەورە دەبێت، هەروەها باجە ستراتیژییەکەی سەر ڕووسیاش زۆر گەورە دەبێت.

وتیشی " ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا ڕووبەڕووی سەرکۆنەیەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە. جیهان ئەوەی بیر ناچێتەوە کە ڕووسیا مردن و کاولکاری ناپێویستی هەڵبژارد. داگیرکردنی ئۆکرانیا برینێک دەبێت لەسەر خۆیان. ئەمەریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەنەوە."

ڕۆژی سێشەممە پوتن وتی ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا گفتوگۆ بکات سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی موشەکەکان و مەشقە سەربازییەکان لە ئەوروپا، ئەوەش دوای ئەوەی مۆسکۆ ڕایگەیاند هەندێک لە هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.

بایدن وتی " ئەوە باش دەبێت، بەڵام هێشتا ئەوەمان بۆ پشتڕاست نەبۆتەوە. هێشتا ئەوەمان بۆ پشتڕاست نەبۆتەوە کە هێزەکانی ڕووسیا دەگەڕێنەوە بنکەکانی خۆیان. بێگومان بەپێی شیکارییەکانمان لە ئێستادا ڕووسیا لە پێگەیەکدان کە هەڕەشەن، ئەو ڕاستیەش وەکو خۆی ماوەتەوە کە ڕووسیا زیاتر لە 150,000 سەربازی لە چواردەوری ئۆکرانیا و سنووری نێوان بێلاڕووس و ئۆکرانیا جێگیرکردووە.

وتیشی " ئێمە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ نادەین لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەم ڕوون کردۆتەوە کە ئەگەر ڕووسیا ئەمەریکییەکانی ناو ئۆکرانیا بکاتە ئامانج ئەوا بە هێزەوە وەڵام دەدەینەوە. ئەگەر ڕووسیا لەڕێی هێرشی ئەلیکترۆنی و ژێرخانی هەستیارەوە ئەمەریکا یاخود هاوپەیمانەکانمان بکاتە ئامانج ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ وەڵامدانەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG