Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دەدات لەسەر سزایەکەی " توند " ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریدا لەسەر سەپاندنی " سزایەکەی توند و گەورە " بەسەر ڕووسیادا، لەوانەش سەپاندنی سزای تایبەتی بەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنیشدا، ئەمەش لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەو هێزە 127,000 سەربازییەی کە لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیریکردوون و ئامادەن هێرش بکەنە سەر ئۆکرانیا، بڵاوبکاتەوە.

سەرۆک بایدن وتی " بۆ سەرۆک پوتنم ڕوونکردۆتەوە ئەگەر بجوڵێت بۆ ناو ئۆکرانیا ئەوا دەرەنجامی توندی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش سەپاندنی سزایەکەی گەورەی ئابووریی و پتەوکردنی بوونمان و بوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و پۆڵەندا و ڕۆمانیا و وڵاتانی دیکە. ئەگەر ( پوتن ) سەرجەم ئەو هێزانە بجوڵێنێت ئەوا گەورەترین داگیرکردن دەبێت لە جەنگی جیهانی دووەمەوە و جیهانیش دەگۆڕێت."

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە ئەو 8,500 سەربازەی ئەمەریکا کە خراونەتە ئامادەباشیەوە ناچنە ئۆکرانیاوە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆدا بەکاردەهێندرێن نەک ئەرکێکی ئەمەریکا بە تەنها.

بایدن وتی ئەمەریکا " بەرپرسیارێتیەکی پیرۆزی " هەیە بۆ ڕۆیشتن بە هانای وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆوە کە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

ئۆکرانیا ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام دەیەوێت ببێت. بەڵام ڕووسیا پێی وایە ئەگەر ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە ناتۆ ئەوا هەڕەشە دروست دەکات بۆ سەر ڕووسیا و داوای لە ناتۆ کردووە ڕێگە نەدەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا. پوتنیش ئاماژەی بەوەداوە هیچ نیازێکی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا نیە، بەڵام فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات بە هەڕەشە دەزانێت.

بایدن وتی " قسەم لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ کردووە، هەموومان لەسەر یەک ئاڕاستەین. دەبێت ڕوونی بکەینەوە کە هیچ هۆکارێک نیە بۆ هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ نیگەران بێت لەسەر ئەوەی ئایا ناتۆ بەرگری لێدەکات یاخود نا."

لەلای خۆیەوە ڕووسیا وتی " بە نیگەرانییەکی زۆرەوە " چاودێری ئەو بڕیارە دەکەین کە هێزەکانی ئەمەریکای خستۆتە ئامادەباشیەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا گرژییەکانی سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا زیاد دکات، ئەمە لەکاتێکدایە پوتن خۆی نزیکەی 127,000 سەربازیی لەسەر ئەو سنوورە جێگیرکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG