Accessibility links

سەرۆک بایدن دەڵێت ئەمەریکا وەکو هاوبەشێکی چالاک دەمێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت ئەمەریکا وەکو هاوبەشێکی چالاک دەمێنێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و داوای لە ڕابەرانی کۆبوونەوەکەی عەرەب کرد مافەکانی مرۆڤ وەکو هێزێکی بەهێزی گۆڕانکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی ببینن.

سەرۆک بایدن لە دەستپێکی کۆبوونەوە لوتکەکەی ڕابەرانی عەرەبدا وتی " ئەمەریکا گرنگی دەدات بە بونیادنانی داهاتوویەکی ئەرێنی بۆ ناوچەکە، هاوبەشییەک لەگەڵ هەمووتاندا، ئەمەریکاش بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە یەکەم گەشتیدا وەکو سەرۆک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەنگی خستەسەر کۆبوونەوە لوتکەکەی لەگەڵ شەش وڵاتی کەنداو و میسڕ و ئوردن و عێراقدا، گرنگییەکی زیاتری بەو کۆبوونەوەیەدا وەک لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا.

لە ناوخۆی ئەمەریکادا کۆبوونەوەکەی بایدن لەگەڵ بن سەلمان ڕەخنەی لێگیراوە، ئەوەش بەهۆی تۆماری سعودیەوە لە مافەکانی مرۆڤدا، دیارترینییان کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودیە جەمال خاشقچییە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا پێیان وایە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان لەپشت کوشتنەکەیەوە بووبێت. محەمەد بن سەلمانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە دوو مانگی سەرەتای دەستبەکاربوونی سەرۆک بایدندا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و میسڕ باش نەبوون، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی بۆچوونەکانیانەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی پێنجی ساڵی 2021 دا میسڕ نێوەندگری کرد لە ئاگربەستێکدا لە غەزە، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە باشتر بوونەوە.

سەرۆک بایدن دەڵێت ئازادی ڕادەربڕین و مافە دیموکراسییەکان دەتوانن ببنە ڕەخنەیەکی چەقۆکێش، بەڵام بزوێنەری نوێخوازی قسەکردنە بە ئاشکرا و کراوەیی و گۆڕینەوەی بیروبۆچوونەکانە.

بایدن وتی " دامەزراوەکانی لێپرسینەوە کە گەندەڵیییان تێدا نەبێت و بە ڕۆشنی کاربکەن و ڕێز لە یاسا بگرن، باشترین ڕێگەن بۆ گەشەکردن و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی خەڵک و پێشم وایە دادپەروەری دەچەسپێنن."

سەرۆک بایدن سەردانی سعودیەی کرد تاوەکو ڕێکەوتنێک لەگەڵ سعودیەدا واژۆ بکات سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت، کە یارمەتیدەر بێت لە دابەزاندنی نرخی سوتەمەنیدا لە ئەمەریکا.
بەڵام ئەو ڕێکەوتنە ڕووی نەدا و هیوادارە لە 3 ی مانگی هەشتدا لە کۆبوونەوەکەی ئۆپیک پڵەسدا هەوڵە دیبلۆماتییەکانی یارمەتیدەر بن لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتدا.

بایدن وتی " بەپەرۆشەوەم ببینم لە مانگەکانی دواتردا چی دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG