Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆکی مەکسیک لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆردا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و تاوتوێی بابەتی کۆچی نایاساییان کرد لە مەکسیکەوە بۆ ئەمەریکا. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆک بایدن ڕووبەڕووی هێرشی سیاسیی کۆمارییەکان بووەتەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ سنوورەکەدا.

سەرۆک بایدن گوتی بابەتی کۆچ " کێشەیەکی نیوەگۆیی " هاوبەشی ئەمەریکا و مەکسیکە.

بایدن گوتیشی پێکەوە کاردەکەن بۆ وەبەرهێنان لە دامەزروەکانی سەر سنوورەکان و لەناوبردنی قاچاخچێتی دەرمان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە.

کۆبوونەوەکەی بایدن لەگەڵ سەرۆکی مەکسیکدا لە کۆشکی سپی مانگێک دوای ئەوە دێت سەرۆکی مەکسیک بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەمەریکاسدا نەکرد کە ئەمەریکا لە لۆس ئانجلس میوانداری کرد، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بۆ بڕیارەکەی بایدن بۆ بانگهێشت نەکردنی حکومەتە چەپەکانی کوبا و ڤەنزوێلا و نیکاراگوا.

بایدن لەگەڵ هاوتا مەکسیکییەکەیدا لە کۆشکی سپی وتی " سەرەڕای ئەو سەردێرە زۆر بانگەشە بۆ کراوانەی کە هەندێک جار دەیانبینین، من و تۆ پەیوەندییەکی بەهێز و بەرهەمدارمان هەیە."

سەرۆکی مەکسیک داوای لە ئەمەریکا کردووە ڤیزای زیاتری کارکردن بە مەکسیکییەکان بدات، بەڵام بایدن تەنها باسی لەو پڕۆگرامانە کرد کە پێشتر و ئێستاش لەلایەن مەکسیکییەکان و وڵاتانی ناوەڕاستی ئەمەریکاوە بەکاردەهێندرێن.

بایدن ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا 3.4 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ نوێکردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بەدرێژایی سنووری نێوان ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک و کەنەدادا، وتیشی ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی سنوورەکان پارێزراوتر و چالاکتر بن. وتیشی ئەمەریکا و مەکسیک هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی بازرگانیکردن بە دەرمانە هۆشبەرەکانی وەکو فێنتانیڵ خێراتر دەکەن.

بایدن وتی " دەزانین دەبێت پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم کێشانە ببینەوە."

ئۆبرادۆر وتیشی ڕێکەوتنی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا دەکرێت بۆ باشترکردنی سێ وڵاتەکە بەکاربهێندرێت و هەندێک لە باجی گومرگ و ڕێکارەکان دەکرێت لاببرێن.

جێی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەی ئەو مەکسیکیانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی داواکارییەکان لە ئەمەریکا بۆ کرێکاران و ئابوورییە سستەکەی مەکسیکەوە.

پاسەوانی سنووری ئەمەریکا دەڵێت لە مانگی پێنجدا نزیکەی 70,000 کۆچبەری مەکسیکییان دەستگیرکردووە، ئەوەش 18,000 زیاترە بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی 2019 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG