سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەمەریکا سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا دەسەپێنێت کە کاری پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 دەکات، ئەمەش وەکو سزایەکی دیکەی ئەمەریکا دوای ئەوەی ڕووسیا دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای وەکو دوو هەرێمی سەربەخۆ ناساند.
سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمپانیای ئەی جی و ئەفسەرەکانی، فشارەکانی سەر پڕۆژەکەی دەریای باڵتیک زیاتر دەکات کە ئامانج لێی ئەوەیە گازی ڕووسی دوو هێندە زیاتر لە پێشتر ڕەوانەی ئەڵمانیا بکات.
کۆشکی سپی وتی سزاکان گێرهارد شرۆیدەر ناگرنەوە کە ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیایەوە و هاوڕێیەکی نزیک سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنە و لە ساڵی 2015 ەوە ڕابەرایەتی لیژنەی خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی نۆرد ستریم دەکات.
پڕۆژەکە هێشتا چالاک نەکراوە و چاوەڕێی پەسەندکردنییەتی لەلایەن ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپاوە.
ڕۆژی سێشەممە ئەڵمانیا پڕۆژەکەی ڕاگرت کە 11 ملیار دۆلاری تێچووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ کارەکانی ڕووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا. ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا لەوە دەترسن پڕۆژەکە ببێتە هۆی ئەوەی ئەوروپا زیاتر پشت بە وزەی ڕووسیا ببەستێت. ئەگەر پڕۆژەکە پەسەند بکرێت ئەوا چیتر ئەو گازەی ڕووسیا کە ڕەوانەی ئەوروپا دەکرێت لە ئۆکرانیاوە تێپەڕ نابێت، بەمەش ئۆکرانیا ئەو پارەیە لەدەست دەدات کە بەهۆی تێپەڕبوونی گازەکەوە بە وڵاتەکەیدا وەریدەگرت.
سەرۆک بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی بەڕێوبەرایەتیەکەی لەنزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ ئەڵمانیادا کردووە لەسەر کارەکانی نۆرد ستریم 2، وتی " ئەمڕۆ فەرمانم بە بەڕێوبەرایەتیەکەم کرد سزا بەسەر کۆمپانیای ئەی جی نۆرد ستریم و ئەفسەرەکانیدا بسەپێنن."
بایدن وتی " ئەم هەنگاوانە پارچەیەکی دیکەن لەو سزا گەورانەی کە ئامادەمان کردوون بیانسەپێنین بەسەر ڕووسیادا. وەکو ئەوەی پێشتریش ڕوونم کردۆتەوە، دوودڵ نابین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر ئەگەر ڕووسیا گرژییەکان زیاتر بکات."
کۆمپانیای ئەی جی وەکو کۆمپانیایەکی سویسرا تۆمارکراوە بەڵام سەر بە کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسییە. گازپڕۆم خاوەنی سەرجەم پڕۆژەکەیە و نیوەی تێچووەکەی داوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز