سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هیچ گۆڕانێک نیە لە سیاسەتی " ناڕوونی ستراتیژی " ئەمەریکادا بەرامبەر تایوان، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی وتی دەخوازێت هێز بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لە تایوانی دیموکراتخواز.
ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵەی کواد لە تۆکیۆی ژاپۆن کۆبوونەوە، گروپەکە هەریەک لە ئەمەریکا و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا و هیندستان لەخۆدەگرێت، لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەکەدا جەختیان لە سووربوونی خۆیان کردەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوچەیەکی ئازاد و کراوەی هیندۆ – پاسێفیک بەڕووی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چیندا لە ناوچەکە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی کۆمەڵەکە ڕووی دەمیان لە هیچ وڵاتێک نەبووە.
چوار سەرۆکەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان " تاوتوێی وەڵامەکانمان کردووە بۆ ململانێکان لە ئۆکرانیا و ئەو قەیرانە مرۆییە تراجیدیایەی کە لە ئێستادا لەو وڵاتەدا هەیە."
جێی ئاماژەیە لە بەیاننامەکەدا وشەکانی " ڕووسیا " یاخود " ڕووسییەکان " لە بەیاننامەکەدا نەبوون، ئەوەش بەهۆی هیندستانەوە کە هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیادا هەبووە و تاوەکو ئێستا ڕێوشوێنی دژی ڕووسیا نەگرتۆتەبەر.
کیشیدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سەرۆکەکان بە سەرۆک وەزیری هیندستان نارێندرا مۆدیشەوە نیگەرانی هاوبەشی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئۆکرانیا و هەر چوارییان ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی سەروەریی یاسا و خاکی ئەو وڵاتە.
بەڵام لێدوانەکەی بایدن سەبارەت بە تایوان، کە تەنانەت بابەتێک نەبووە لە کۆبوونەوەکەی کواددا، سەرنجی نێردەکان و ڕاگەیاندنەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
لە کاتێکدا ئەمەریکا چەک دەنێرێت بۆ تایوان بۆ مەبەستی بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام هەمیشە پەیڕەوی سیاسەتی " ناڕوونی ستراتیژی " کردووە لەسەر ئەوەی ئایا لەڕووی سەربازییەوە بەرگری لە تایوان بکات ئەگەر چین هێرشی بکاتە سەر یاخود نا، بەڵام ڕۆژی دووشەممە سەرۆک بایدن وتی ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان ئەوا بەرگری لێدەکەین.
ڕۆژی سێشەممە کاتێک پرسیار لە سەرۆک بایدن کرا ئایا هیچ گۆڕانکارییەک کراوە لە سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر تایوان، بایدن وتی " نەخێر."
دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەندامانی کواددا، بایدن وتی " سیاسەتەکە بە هیچ شێوەیەک نەگۆڕاوە. دوێنی ئەوەم لە بەیاننامەکەمدا ئاماژە پێدا."
چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و دەڵێت تایوان هەستیارترین و گرنگترین کێشەیە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا.
ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی بنەمای یەک چین نابێت بهەژێندرێت و هیچ هێزێک لە جیهاندا بە ئەمەریکاشەوە ناتوانێت چین لە " یەکخستنی تەواوەتی خاکەکەی " بوەستێنێت.
تایوانی دیموکراتخواز دەسەڵاتی چین بەسەریدا ڕەت دەکاتەوە و لەم چەند ساڵەی ڕابردووشدا چین فشارە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر تایوان زیاد کردووە.
هاوکات سەرۆک بایدن سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای کرد لە ئۆکرانیا و گوتی کاریگەری لەسەر جیهان هەبووە.
بایدن وتی " هێرشەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تەنها تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ئامانجەکانی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری خاک. یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەبێت لە هەر شوێنێکی دنیادا پێشێلکران بەرگرییان لێبکرێت."
لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا " بناغەی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەهەژێنێت " و ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کیشیدا وتی " نابێت ڕێگە بدەین ئەو جۆرە شتانە لە ناوچەی ئیندۆ پاسیفیک ڕووبدەن."
بایدن گوتی ئەمەریکا لە هەوڵیدا بۆ ناوچەیەکی کراوە و ئازادی هیندۆ پاسێفیک لەپاڵ " هاوبەشە دیموکراتە نزیکەکانیدا " دەوەستێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز