Accessibility links

پەیوەندییە تەلەفونیەکەی نێوان سەرۆک بایدن و پوتن


لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بۆ ماوەی 50 خولەک قسەیان کرد، لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی گرژییەکان کرا و دوو سەرۆکەکە گەشبینی خۆشیان دەربڕی سەبارەت بە گفتوگۆ سیاسییەکانی داهاتووی نێوان دوو وڵاتەکە.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا کە ڤلادیمێر پوتن داوای کردبوو، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی پێویستی بەوەیە ببینێت ڕوسیا گرژییە سەربازییەکان لەنزیک سنووری ئۆکرانیا کەم بکاتەوە، هاوکات پوتن وتی هەڕەشەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " سەرۆک بایدن جەختی لەوە کردۆتەوە بەرەوپێشچوون لەم گفتوگۆیانەدا تەنها لە ژینگەیەکدا دەبێت کە تیایدا گرژییەکان کەم بکرێنەوە نەک زیاد بکرێن."

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا وتی " بایدن دوو ڕێگەی خستۆتەڕوو، یەکێکیان ڕێگەی دیبلۆماسی بووە."

وتیشی " ڕێگەکەی دیکە زیاتر سەنگ دەخاتە سەر بەربەست دانان، لەوانەش ئەگەر ڕوسیا خاکی زیاتری ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا دەرەنجامی گەورە و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە بۆ سەر ڕوسیا."

ڕاوێژکاری کرێملن وتی پەیوەندییە تەلەفونییەکە " پشتیوانییەکی باش " بوو بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو.

ڕاوێژکاری کاروباری دەرەوەی کرێملن وتی بایدن دووبارە جەختی لە سەپاندنی سزا کردۆتەوە دژی ڕوسیا ئەگەر گرژییەکان زیاد ببن یاخود ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات، پوتنیش لە وەڵامدا هۆشداریداوە و وتوویەتی ئەگەر ئەمەریکا جوڵەیەکی لەوجۆرە بکات ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان.

یوری یوشاکۆڤی ڕاوێژکاری پوتن وتی " هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت و دەرەنجامی گەورەی لێدەکەوێتەوە." وتیشی پوتن بە بایدنی وتووە ڕوسیاش وەکو ئەمەریکا وەڵام دەداتەوە ئەگەر ڕوسیا چەکەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئەمەریکا جێگیر بکردایە.

وابڕیارە لە 9 و 10 ی مانگی یەکدا بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا کۆببنەوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی داواکارییە ئاسایشیەکانی ڕوسیا دەبێت. دواتریش لە 12 ی مانگدا بەرپرسانی ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ کۆدەبنەوە. لە 13 ی مانگیشدا کۆنفرانسێکی فراوانتر ئەنجام دەدرێت و هەریەک لە ئەمەریکا و ڕوسیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەشداری تێدا دەکەن.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا داوایکردووە هاوپەیمانێتی ناتۆ گرەنتیەکی یاسایی بداتێ لەسەر ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرەنەسەنێت، هەروەها داوایکردووە ناتۆ چالاکییە سەربازییەکانی لە وڵاتانی نزیک لە ڕوسیا ڕابگرێت، بەتایبەتی لە ئۆکرانیا.

هەردوولا پەیوەندییە تەلەفونییەکەیان بە گفتوگۆیەکی " جددی " ناودێر کرد. بەڵام هیچ کامێکیان ئاماژەیان بە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نەدا سەبارەت بە بڕیارێک بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG