سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هاوردەکردنی سەرجەم کەلوپەلەکانی لە هەرێمی شینگیانگی چینەوە قەدەغە کرد، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ نیگەرانیەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ناچارکردنی خەڵکەکە بۆ کارکردن.
بڕیارەکە کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە پەسەند کرا، هاوردەکردنی سەرجەم ئەو کەلوپەلانە قەدەغە دەکات کە لە هەرێمی شینگیانگ بەرهەم هێندراون، کۆمپانیاکانیش چیتر ناتوانن ئەو کەلوپەلانە هاوردەی ئەمەریکا بکەن، بەڵام ئەگەر بەڵگەیان پێبێت لەسەر ئەوەی کەلوپەلەکان لەسەر دەستی ئەو کەسانە دروست نەکراون کە بە ناچاری کارییان پێدەکرێت ئەوا دەتوانن هاوردەی بکەن.
یاسای ڕێگەگرتن لە ناچارکردنی کارکردنی بەزۆر لە یوگۆر ئاماژە بە سێ بەرهەم دەکات، یەکەمیان خورییە کە هەرێمی شینگیانگ یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی خوری لە جیهاندا، دووەمیان تەماتە و سێیەمیان پۆڵیسیلیکۆنە کە ماددەیەکە بەکاردەهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی پانێڵی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر.
هەفتەی ڕابردوو لە هەنگاوێکی دەگمەندا ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەبەرژەوەندی بڕیارەکە دەنگیانگدا و ئەمەریکا بووە یەکەمین وڵات کە کەلوپەلی ئەو هەرێمەی چین قەدەغە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " یاساکە ئامڕازی زیاتر دەداتە حکومەتی ئەمەریکا تاوەکو هاوردەکردنی کەلوپەلەکانی ئەو هەرێمە بۆ ئەمەریکا قەدەغە بکات کە لەڕێی ناچارکردنی خەڵکەکە بۆ کارکردنەوە بەرهەمهێندراون، هەروەها بۆ لێپێچینەوەی زیاترە لەو کەس و لایەنانەی کە دەستیان هەیە لەم سوکایەتیکردنانەدا." هەروەها داواشی لە چین کرد " کۆتایی بە جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بهێنێت."
بەپێی یاساکە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەبێت سزا بسەپێنێت بەسەر ئەو بەرپرسانەی چیندا کە بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو هەرێمەدا."
جێی ئاماژەیە لە سەدا 20 ی ئەو کەلوپەلانەی ساڵانە دێنە ئەمەریکاوە هەندێک خوورییان تێدایە کە لە شینگیانگەوە هاوردە دەکرێن.
شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ و شایەتحاڵان و حکومەتی ئەمەریکا دەڵێن زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی ویگۆر و موسوڵمانەکانی دیکە لە ناوەندەکانی گرتندان، لە هەوڵێکی چیندا بۆ لەناوبردنی کلتورە ئیسلامییەکە تیایاندا و هەروەها ناچارکردنیان بۆ چوونەپاڵ زۆرینەی هانی چینەوە.
واشنتن دەڵێت ئەو هەڵمەتەی چین جینۆسایدە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس