ئەمەریکا میوانداری گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات، لە هەوڵێکدا بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆی هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخی جێناکۆکی لەسەرەوە.
ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو جار کەوتوونە جەنگەوە دژی یەکتر، لە ساڵی 1990 و ساڵی 2020 دا، بەهۆی شەڕەکانیشەوە هەزاران کەس کوژراون، لەم دواییانەشدا پێکدادانێک لە نێوانییاندا ڕووی دا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ کاراباخی ناو ئازەربایجان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئەرمەنین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا ئارارات میرزۆیا و وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان جیهون بایرامۆڤدا کۆبۆوە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان کە بڕیارە چوار ڕۆژ بەردەوام بێت و لە دامەزراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە دەرەوەی واشنتن بەڕێوەدەچێت.
لە 23 ی مانگی چواردا ئازەربایجان ڕایگەیاند خاڵێکی پشکنینی لەسەر ڕێڕەوی لاچین داناوە، ڕێڕەوەکە تەنها ڕێگەی وشکانییە لە نێوان ئەرمینیا و ناگۆرنۆ کاراباخدا، ئەو کارەی ئازەربایجانیش وەڵامێکی توندی ئەرمینیای لێکەوتەوە.
ئەرمینیا پێی وایە ئەو جووڵەیەی ئازەربایجان پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەی نێوانییانە کە هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون.
بە گوێرەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میڵەر، ڕۆژی یەکشەممە بلینکن لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالییڤدا قسەی کردووە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە خاڵە پشکنینەکە، بلینکن وتوویەتی ئەو خاڵە " هەوڵەکان بۆ بونیادنانی متمانە بە پڕۆسەی ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە."
میڵەر لە بەیاننامەیەکدا وتی " بلینکن جەختی لە گرنگی دەستبەجێ دووبارە کردنەوەی ڕێڕەوی لاچین کردۆتەوە بە ڕووی ئوتومبێلە بازرگانی و تایبەتەکاندا."
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئامانج لە گفتوگۆکان زیاتر " ڕێککەوتنێکە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان وەک لە ڕێککەوتنێکی ئاشتی."
وتی " ئامانجمان ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی دوو وەزیرەکە بتوانن دابنیشن و پێکەوە قسە بکەن."
بەرپرسەکە وتیشی ئەمەریکا پێشبینی ئەوە دەکات دوو لایەنەکە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە ئەنجام بدەن، وتیشی " سەرجەم پرسەکان تاوتوێ دەکرێن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس