Accessibility links

بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمەریکا ڕووبەڕووی پرسیاری قورس دەبنەوە سەبارەت بە ئەفغانستان


بەرپرسانی باڵای بەرگری ئەمەریکا داکۆکییان لە کشانەوەی ئەمەریکا و گواستنەوەی هاوڵاتیانیان کرد لە ئەفغانستان، جەختیان لەوە کردەوە سەرەڕای قورساییەکان لە سەرەتاوە، هەوڵەکان " زۆر زیاتر بوون لەوەی پێشبینی دەکرا."

جێی ئاماژەیە ڕەخنەیەکی زۆر هەبووە لەسەر ڕووخانی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان و گواستنەوەی هاوڵاتیان لەو وڵاتەدا، بەتایبەتی لەکاتێکدا نەتوانرا سەرجەم هاوڵاتیانی ئەمەریکی و هاوپەیمانە ئەفغانیەکان لە ئەفغانستان بگوازرێنەوە.

بەڵام وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکای وت گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ئەفغانستان بەباشی بەڕێوەچووە، هەروەها وتیشی هیچ سوپایەکی دیکەی جیهان نەیدەتوانی شتەکان لەوە باشتر ئەنجام بدات.

ئۆستن بە ئەندامانی لیژنەکەی وت " گەورەترین گواستنەوەی هاوڵاتیان بوو لە مێژووی ئەمەریکادا، تەنها لە 17 ڕۆژدا ئەنجامدرا. پلانی ئێمە ئەوە بوو 70,000 بۆ 80,000 بگوازینەوە، زیاتر لە 124,000 کەسمان گواستەوە."

وتی " زۆر باش بوو؟ بێگومان نەخێر." ئاماژەی بەوەدا دوو ڕۆژی یەکەمی گواستنەوەی هاوڵاتیان " قورس " بووە لەکاتێکدا خەڵکانێکی زۆر ڕوویانکردە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

ئۆستن بەرگری لە پڕۆسەی پلاندانانەکەش کرد و وتی بەهۆی پلانەکەوە توانیمان بەخێرایی هێزی زیاتر ڕەوانەی فڕۆکەخانەی حامید کارزای نێودەوڵەتی بکەین، چونکە ئەو هێزانە پێشتر لە ناوچەکەدا بوون.

وتیشی سوپای ئەمەریکا کۆڵی نەداوە لە یارمەتیدانی ئەو ئەمەریکیانەی کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.

بەڵام هەندێک لە ئەندامانی لیژنەکە ڕەخنەی توندییان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن گرت لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بارودۆخەکەدا و بە کارەسات و دیمەنێکی ترسناک ناودێرییان کرد.

نوێنەرێکی کۆمارییەکان جیم ئینهۆف وتی " هەموومان دیمەنێکی ترسناکمان بینی کە سەرۆک خۆی دروستیکردبوو." وتیشی دەکرا بەو شێوازە نەبووایە.

وتی " هەموو ئەوەی کە ڕوویدا پێشبینیکراو بوو. سەرۆک بایدن و ڕاوێژکارەکانی گوێیان لە فەرماندە شەڕکەرەکان نەگرت. گوێی لە کۆنگرێس نەگرت، هەروەها شکستی هێنا لەوەی ڕێگە لەوە بگرێت کە هەموومان پێمان وابوو ڕوودەدات."

هەروەها بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنی تۆمەتبار کرد بەوەی شکستی هێناوە لە داڕشتنی پلانێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە تیرۆریستیانەی کە ئەگەری هەیە لە ماوەی دەسەڵاتی تاڵیباندا لە ئەفغانستان سەرهەڵبدەن.

بەڵام ئۆستن و سەرکردەی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مێڵی وتیان لەکاتێکدا ئەرکەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر قورس دەبێت، سوپای ئەمەریکا هەمیشە پابەند دەبێت بە پارێزراوی ئەمەریکاوە.

مێڵی وتی " ئێستا ئەو ئەرکە زۆر قورستر دەبێت، بەڵام مەحاڵ نیە." وتیشی هەڕەشەکانی هەردوو ڕێکخراوی ئەل قاعیدە و داعشیش دەکرێت لە ساڵێک یاخود دوو ساڵی دیکەدا دەربکەون.

وتی " دووبارە دروستبوونەی ئەل قاعیدە و داعش بە ئاواتی ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا، ئەگەرێکی زۆر ڕاستەقینەیە."

وتیشی " دەبێت ئەوەمان بیربێت تاڵیبان بە ئێستاشەوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیە و هێشتا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەل قاعیدەدا نەبڕیوە، دەزانم مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکەین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG