Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ڕووسیا دەکات چالاکییە سەربازییەکان لە وێستگە ناوکییەکانی ئۆکرانیا ڕابگرێت


کۆشکی سپی داوای لە ڕووسیا کرد سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نزیک وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا ڕابگرێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " شەڕکردن لە نزیک وێستگەیەکی ناوەکییەوە مەترسیدارە."

گوتیشی " بەردەوام داوا لە ڕووسیا دەکەین سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نزیک وێستگە ناوەکییەکان یاخود لەناوییاندا ڕابگرێت و کۆنتڕۆڵی تەواوی وێستگەکان ڕادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە."

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا، کە گەورەترین وێستگەی ناوەکییە لە ئەوروپادا، بۆردومانەکانی ئەمدواییانەش بۆ سەر وێستگەکە ترس و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی گوتی ئەمەریکا " بەردەوام لەنزیکەوە چاودێری " بارودۆخی وێستگەکە دەکات. وتیشی خۆشبەختانە هەستەوەرەکانی تیشکەکە هیچ ئاماژەیەکییان لەسەر زیادبوونی نائاسایی ئاستی تیشکدانەوەکە دەرنەخستووە.

گوتیشی " ئاگاداری ئەو هەواڵانەشین کە تیایدا باس لە مامەڵەکردنێکی خراپ دەکرێت لەگەڵ کارمەندانی وێستگەکەدا و ستایشی بەرپرسان و کارمەندانی ئۆکرانیا دەکەین لەسەر پابەندبوونیان بە پارێزراوی و ئاسایشی وێستگە ناوەکییەکەوە."

جێی ئاماژەیە وێستگەکە هێشتا لەلایەن کارمەندانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت.

گوتیشی ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە ڕێوشوێنەکانی پارێزراوی و ئاسایشی وێستگەکەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG