Accessibility links

ئەمەریکا دوو کەس بە تۆمەتی دامەزراندنی ' بنکەیەکی پۆلیسی نهێنی ' چینی لە نیویۆرک دەستگیر دەکات


بەرپرسانی پۆلیس لە ئەمەریکا دوو دانیشتووی نیویۆرکییان دەستگیرکردووە کە گوایە " بنکەیەکی پۆلیسی نهێنی " چینی لە چایناتاونی مانهاتن بەڕێوەدەبەن، ئەمەش وەکو بەشێک لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی " هەوڵەکانی چین بۆ بە ئامانجکردنی ئەو هاووڵاتییە چینییانەی کە ناڕازین لە چین و لە ئەمەریکا دادەنیشن."

لو جیانوانگی تەمەن 61 ساڵ و چێن جینپینگی 59 ساڵ ڕووبەڕووی تۆمەتی کارکردن بوونەتەوە وەکو بریکاری حکومەتی چین بەبێ ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا ئاگادار بکەنەوە و بەربەستییان لەبەردەم داددا داناوە. پێشبینی دەکرێت دواتر ببرێنە بەردەم دادگای فیدڕاڵی بڕۆکلین.

تۆمەتەکان لە کاتێکدان کە وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە وەکو خۆی دەڵێت " سەرکوتکردنی نێودەوڵەتی " لەلایەن دوژمنانی ئەمەریکای وەکو چین و ئێرانەوە بەمەبەستی ترساندنی ئەو ڕکابەرە سیاسییانەی چین کە لە ئەمەریکا دەژین.

دادوەری باڵای فیدڕاڵی لە بڕۆکلین، بریون پیس وتی " ناتوانین سەرکوتکارییەکانی حکومەتی چین دژی ئەو چالاکەوانە دیموکراتخوازانە قبوڵ بکەین کە پەنایان بۆ ئەم وڵاتە بردووە."

هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا، لێکۆڵەرەوان 34 بەرپرسی چینییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە " کێڵگەیەکی ساختەیان " بەڕێوەبردووە و لە ڕێی ئۆنلاینەوە ئەو کەسانەیان بێزار کردووە کە دژی حکومەتی چینن، هاوکات کۆبوونەوەکانی ئەو کەسانەیان لەگەڵ سەکۆ تەکنەلۆجیاکانی ئەمەریکادا تێکداوە.

لێکۆڵەرەوان دەڵێن لو و چێن هەردووکیان هاوڵاتی ئەمەریکین و ڕێکخراوێکی قازانج نەویست بەڕێوەدەبەن کە گوایە ئەرکەکانی ڕێکخراوەکە دابینکردنی شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە خەڵکی هەرێمی فوجیانن.

وتیشیان لو لە ساڵی 2018 دا کەسێکی ڕازیکردووە بگەڕێتەوە بۆ چین کە لەلایەن پەکینەوە بە هەڵاتوو ناسراوە. لە ساڵی 2022 دا یارمەتیدەر بووە لە دامەزراندنی بنکەیەکی پۆلیس و لەلایەن حکومەتی چینەوە داوای لێکراوە کەسێک لە کالیفۆرنیا بدۆزێتەوە کە چالاکەوانێکی دیموکراتخوازە.

هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو کە لو و چێن لەگەڵ دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکادا دانییان بەوەداناوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسێکی حکومەتی چیندا سڕیوەتەوە. هەروەها ئەو بنکەی پۆلیسەی کە دایانمەزراندووە لە پایزی ساڵی 2022 دا داخراوە.

تۆمەتەکانی ڕۆژی دووشەممە دوای ئەوە دێن کە بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا کریستۆفەر ڕای لە مانگی یانزەدا بە لیژنەیەکی ئەنجومەنی سیناتی وت کە " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە بوونی ئەو جۆرە بنکانە لە شارەکانی ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG