Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە ئیماڕات ڕەت دەکاتەوە


فڕۆکەی ئێف 35

ئەندامانی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا شکستیان هێنا لە هەوڵیاندا بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری ئێف 35 و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئیماڕات.

ئەنجومەنی سینات کە کۆمارییەکان تیایدا باڵادەستن، بە 50 دەنگ بەرامبەر 46 دەنگ پڕۆژە یاساکەیان ڕەت کردەوە. لە ماوەی ڕابردووشدا سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەدا ئەگەر پڕۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی سینات پەسەند بکرێت ئەوا ڤیتۆ دژی بەکاردەهێنێت.

سیناتۆری کۆمارییەکان ڕۆی بلانت وتی فرۆشتنی چەک بە ئیماڕات پشتیوانی لە هەلی کار لە ئەمەریکا دەکات و " توانای ئەو هاوڕێیانەمان زیاتر دەکات کە هەمان دوژمنیان هەیە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکەن بۆ جوڵاندنی وڵاتەکانیان و ناوچەکانیان بەرەو ئاڕاستەیەکی زۆر باشتر."

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " فرۆشتنی چەک توانایەک دەدات بە ئیماڕات بەرپەرچی دوژمنکارییەکانی ئێران و هەڕەشەکانی دوای ڕێکەوتنەکانی ئاشتی بداتەوە."

ڕابەری دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سینات ڕۆبەرت مێنیندێز هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی ئێران هەڕەشەیە، بەڵام وتی " هێشتا پێویستە بەدیاریکراوی بزانین ئەو هەڕەشە سەربازییە چییە کە پێویستی بە فڕۆکەی ئێف 35 و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە بۆ بەرپەرچدانەوەی."

هەروەها ئاماژەشی بە قەتەڕدا کە هەریەک لە ئیماڕات و سعودیە گەمارۆیان خستۆتەسەری و ماوەیەکە فشار دەکات بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 35، مێنیندێز لە هۆڵی ئەنجومەنی سینات پرسی " ئایا بەڕاستی پێمان وایە دەتوانین ئەمە تەنها بە ئیماڕات بفرۆشین و وڵاتانی دیکە داوای هەمان شتمان لێنەکەن و کێبڕکێی خۆپڕچەک کردن لە ناوچەکەدا دروست نەبێت؟"

مێنیندێز نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بەوەی ئیماڕات چەک بۆ لیبیا دەنێرێت لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەکردنی چەکی سەپاندووە بەسەر لیبیادا، هەروەها باسی لە نیگەرانیەکانی دیکەی کرد سەبارەت بەو بەڵگانەی دەریدەخەن ئیماڕات هەوڵ دەدات پەیوەندی سەربازی لەگەڵ چیندا دروست بکات.

بەڵام ڕاند پۆڵ کە سیناتۆرێکی کۆمارییە و هەمیشە پشتیوانی لە بڕیارەکانی سەرۆک ترامپ کردووە و لە هەمان کاتیشدا ڕەخنە لە دەستوەردانە سەربازییە بیانییەکان دەگرێت، ئەم جارە هەڵوێستی خۆی خستە پاڵ هەڵوێستی دیموکراتەکان و وتی " ڕوون نیە کە ئایا بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆجیای سەربازی پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی هاندانی پەیوەندییەکی ئاشتیانە یاخود نا."

وتی " ئایا ئەمەریکا بەرپرسیارێتی ئەوە هەڵدەگرێت ئەگەر ئیماڕات بە خراپی ئەم چەکە پێشکەوتووە بەکاربهێنێت؟ ئایا دەتوانین متمانە بە کەسانێک بکەین کە بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنییان کردووە لە یەمەن، متمانە بەوە بکەین کە لە داهاتوودا ژیرانەتر ڕەفتار دەکەن؟"

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG