Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: دەبێت کارە شەڕانگێزیـیەکانی ئێران ڕابگیرێن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەب گوتی دەبێت کارە شەڕانگێزیـیەکانی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگیرێن.

هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی ئەمڕۆ هەینی مایک پەمپـێۆ لە نیویۆرک کۆبووەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەحرەین و میسر و کوەیت و عومان و قەتەر و عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات.

وەزیری دەرەوە سوپاسی هاوتا عەرەبەکانی کرد بۆ هاوکاری و هاوهەڵوێستی وڵاتانیان لەگەڵ ئەمەریکادا.

پەمپـێۆ جەختی کردە سەر گرنگی شکستهێنان بە داعش و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکە، وە بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا و یەمەن.

لای خۆیانەوە وەزیرانی عەرەبیش هەموویان کۆکبوون لەسەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئێران ئاڕاستەی ناوچەکە و ئەمەریکای دەکات.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتووێژی باشی ئەنجامداوە لەگەڵ ئامادەبووان سەبارەت بە پـێکهێنانی هاوپەیمانێتیـیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کرۆکەکەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوبن، ئەمەش لە پـێناو باشترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و گەشەکردنی.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی، وەزیر پەمپـێۆ چاوی لە ڕێـیە بۆ بەردەوامبوونی ئەم وتووێژانە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا.

XS
SM
MD
LG