Accessibility links

ئەمەریکا و هاوپەیمانان پشتیوانییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر دەکەن


ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وتیان بەخێرایی و بە بەهێزییەوە دەجوڵێن بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئۆکرانیا تاوەکو بتوانن ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بوەستنەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان وتی سەرۆکی ڕووسیا " سەر زارەکی " ڕازیبووە ڕێگە بە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بدات هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو بگوازنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی پێشتر ئەمەریکا " چەند هەفتەیەکی " ویستووە تاوەکو چەکەکانی گەیشتوونەتە ئۆکرانیا، بەڵام ئێستا لە ماوەی سێ ڕۆژدا چەکە نوێیەکانی دەگەنە ئۆکرانیا.

ئەڵمانیاش بۆ یەکەمین جار ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند چەکی قورس دەدات بە ئۆکرانیا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستنیش لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی 40 وڵاتدا لە بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا وتی " سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە کە سەرانسەری جیهان بەو خێرایی و دڵنیاییەوە لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستن."

نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆشدا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد کە ئۆستن میوانداری کرد.

ئۆستن وتی " ڕۆژانە پشتیوانی زیاتر دەبینین " بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا. وتیشی " هیچ کاتمان نیە بەفیڕۆی بدەین. دەبێت بەخێرایی جەنگەکە بجوڵێین."

کۆشکی سپی وتی بڕیارەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ئاماژەیەکە لەسەر یەکگرتووییەکی بێپێشینە بەڕووی دوژمنکارییەکانی ڕووسیادا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی وتی " ڕاگەیاندنەکەی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەو ڕاگەیاندنانەدا دەگونجێت کە لە کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی ئەوروپییەوە بینیومانە بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییەک کە پێشتر نەبیندراوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە گرنگییەکەی."

وتیشی " ئەمە گۆڕانێکی بێپێشینەیە چەکی کوشندە بدەن بە وڵاتێکی دیکە، ئەمەش گرنگی ئەڵمانیایە. بەڵام دەشمەوێت ئاماژە بەوە بدەم نەرویجیش موشەکی میستڕاڵی دژە فڕۆکەی داوە بە ئۆکرانیا، کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش یارمەتی جیاوازییان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە کە پێشتر لە ڕابردوودا ئەمە ڕووینەداوە، لەڕاستیدا ئەمە گرنگیی یەکگرتوویی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەردەخات."

ئۆستن وتیشی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن مانگانە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشکەشکردنی یارمەتی زیاتر. وتیشی ئامانجەکە لێرەدا ئەوەیە " یارمەتی ئۆکرانیا بدەین شەڕەکە دژی داگیرکارییە نادادپەروەرییەکەی ڕووسیا بباتەوە و لە کێشەکانی داهاتووی ئۆکرانیاشدا یارمەتیدەر بین."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی دەکرێت جەنگەکە پەرە بسەنێت بۆ جەنگێکی ناوەکی لەنێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا.

ئۆستن سەبارەت بە لێدوانەکانی لاڤرۆڤ وتی " ئێمە بەدڵنیاییەوە هەرچی لە دەسەڵاتماندا بێت دەیکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی ڕەوشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت. هیچ کەسێک نایەوێت جەنگی ناوەکی ببینێت. هیچ کەس ناتوانێت لەو جەنگەدا سەرکەوتوو بێت."

لەلایەکی دیکەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا کۆبۆوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەستدا، تەنانەت لەکاتێکدا کە ڕووسیا هێرشی نوێی کردە سەر ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا.

ستێفان دوجاریکی وتەبێژی گۆتیرێش وتی لەمیانەی کۆبوونەوە دوو کاتژمێرییەکەدا، پوتن " سەر زارەکی " ڕازیبووە بەوەی ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور بدات یارمەتی بدەن لە گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنیدا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ.

گۆتیرێش وتی لەکاتێکدا ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان " لێکدانەوەی جیاوازییان هەیە بۆ ئەوەی کە لە ئۆکرانیا ڕوودەدات "، هێشتا ئەگەرێک هەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جددی سەبارەت بە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ناڵەکان و " بەزووترین کات کۆتایی هێنان بە جەنگەکە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG