لە ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردوودا ئەمەریکا وەکو بەشێک لە یارمەتیدانی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان و وەستاندنی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان " نیو دەرزەن " هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەفغانستاندا ئەنجامداوە.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای وت هێرشە ئاسمانییەکان کە زۆربەیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی ئەنجامدراون، " ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی هێزەکانی ئاسایش و بەرگری نیشتیمانی ئەفغانستانیان کردۆتە ئامانج کە تاڵیبان توانیویەتی دەست بگرێت بەسەریاندا."
وتیشی " لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەدا کە دەستیان بەسەرداگیراوە، هێزەکانی دوژمن هەبوون، چەکدارانی دوژمن کراونەتە ئامانج."
بەڵام بەرپرسەکە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی زانیارییەکانەوە.
بۆ چەند ڕۆژێک هاوڵاتیانی مەدەنی ئەفغانی دەیانوت فڕۆکەی سەربازی ئەمەریکیان بینیوە، هەندێک هەواڵیش هەبوون لەسەر ئەوەی ئەمەریکا لە پشت هێرشە ئاسمانیەکانی سەر قەندەهارەوە بووە، کە لەوێ تاڵیبان لە پێشڕەویدا بوو.
بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمەریکا ڕەتیان دەکردەوە ئاماژە بەوە بدەن ئەمەریکا یارمەتی هێزە پیادەکانی ئەفغانستانی داوە یاخود نا، یان ئایا هیچ چەکێکیان ڕەوانەی ناوچەکان کردووە بۆ یارمەتیدانی پاراستنی کشانەوەی هێزەکان لە ئەفغانستان یاخود نا.
بەرپرسەکە بە دەنگی ئەمەریکای وت " هیچ سویچێک نیە هەڵکرابێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکەدا نیە." ئاماژەشی بەوەدا ئەم هێرشە ئاسمانیانەی ئەمدواییانە بەشێک بوون لە ستراتیژییەتی پشت ئاسۆی واشنتن.
ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا " لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا " وەکو پشتیوانیەک بۆ هێزەکانی ئەفغانستان هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، بەڵام ڕەتی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتیان فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا جەنەڕاڵ کینیث فرانک مککێنزی ئەو دەسەڵاتەی دەمێنێتەوە کە فەرمان بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بکات تاوەکو کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەواو دەبێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا