دەزگاکانی ئەمەریکا دەڵێن وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا و دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە نێوەندی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتی خۆراکی نێودەوڵەتی تەرخان دەکەن.
پارەکە دەڕوات بۆ ئەرکە بەپەلەکانی دابینکردنی خۆراک لە ئیسیوپیا و کینیا و سۆماڵ و سودان و باشووری سودان و یەمەن. 282 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە لەلایەن سندوقی مرۆیی بیڵ ئێمرسۆنەوە دابین دەکرێت کە دەزگاکانی ئەمەریکا پێکەوە بەڕێوەی دەبەن.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا 388 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ گواستنەوە و بارکردن و خەرجییەکانی دیکە دابین دەکات.
وەزیری کشتوکاڵی ئەمەریکا تۆم ڤیلساک وتی " جەنگە بێهۆکارەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی بڕێکی زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەناردەی دەرەوە دەکات، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و وزە لە سەرانسەری جیهاندا."
ڕووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە یەک لەسەر چواری گەنمی جیهان هەناردەی دەرەوە دەکەن.
بەڕێوبەری دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سامانثا پاوەر وتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا " دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی خۆراک."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز