Accessibility links

ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانە دەکات کە دەڵێن داعش پلانی کوشتنی زەلمای خەلیلزادی داڕشتبوو


کاربەدەستانی ئەمەریکایی ڕایانگەیاند لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دەنگۆیانە دەکەن کە دەڵێن داعش لە ئەفغانستان پـلانی دانابوو زەلمای خەلیلزاد، نێردراوی تایبەتی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئەفغانستان بکوژێت.

پـێشتر تاڵیبان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تیایدا 2 کەسی دەستگیرکراو بە چاو بەستراوی گوتویان داعش ناردبوونی بە تەقینەوەیەکی خۆکوژی زەلمای خەلیلزاد بکوژن.

هەردوو کەسەکە بە زمانی پەشتۆ قسەیان دەکرد و گوتیشیان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەیان کارئاسانیـیان بۆ کرابوو لەلایەن ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئێستا و پـێشووی نێو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان.

یەک لەو کاربەدەستانەی ناویان هێنا، ڕەحمەتوڵڵا نەبیل سەرۆکی پـێشووی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی بوو. بەڵام پاش دوو ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە ڕەحمەتوڵڵا بە توندی تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە و بە هەڵبەستراو ناودێری کرد.

بەپـێی قسەی ئەو دوو کەسە، بەنیازبوون بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشە خۆکوژیـیەکەیان ئەنجام بدەن لە بەردەم بارەگای حامد گەیلانی کە کەسایەتیـیەکی ئەفغانیـیە و بڕیاربووە خەلیلزاد لە میانەی سەردانەکەی ئەم دوایـیەی بۆ ئەفغانستان لەوێ چاوی پـێبکەوێت، بەڵام زەلمای لەو ڕۆژەدا سەردانەکەی ئەنجام نەدابوو.

دو کەسەکە لە درێژەی قەسەکانیان گوتیان دوای 10 ڕۆژ گەڕاونەتەوە بەرەوە ناوچەی لۆگەر، بەڵام لە خاڵێکی پـشکنینی سەر ڕێگا لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکران کاتێک ورەقەی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستانیان پـێگیرا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت حکومەتی ئەمەریکا زۆر بە ڕژدی دەڕوانێتە هەر ئەگەرێکی هەڕەشە بۆ سەر کەسانی ئەمەریکایی.

گوتیشی کاربەدەستانی ئەمەریکا و هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەفغانستانیش لێکۆڵینەوە لەبارەی ڤیدیۆکە دەکەن.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان دەکات، لە بەیاننامەیەکدا گوتی لە ئێستادا هیچ زانیاریـیەکی بڕواپـێکراوی لا نیـیە ئاماژە بۆ ئەوە بکات حکومەتی ئەفغانستان کاردەکات بۆ تێکدانی ڕێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان.

خەلیلزاد سەرۆکی شاندی ئەمەریکا بوو لەو وتووێژانەی ڕێکەوتنە مێژوویـیەکەی مانگی دووی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبانی لێکەوتەوە بە ئامانجی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ئەفغانستان کە نزیکەی 19 ساڵە درێژەی کێشاوە.

XS
SM
MD
LG